نەوا-
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی لە جوشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق كردوەو بەگوێرەی راگەیەنراوێك، هاریس جەختی لەوە كردوەتەوە كە ئەمریكا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە لەچوارچێوەی عیراقدا، وڵاتەكەی خوازیاری شەراكەتی ستراتیژییە لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان و پێویستە عیراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بەرژەوەندییەكانی لە سەروی بەرژەوەندییەكانی تر بێت.
لەلایەن خۆشیەوە بارزانی جەختیكردۆتەوە، هەمیشە خوازیاری ئەوە بون لە عیراقدا یاساو دەستور باڵادەستبن و هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بنەمای سەرەكیی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بێت، بە گرنگیشی زانیوە لە حكومەتی داهاتوی عیراقدا رەچاوی ئەو سێ بنەمایە بكرێن و دەستور جێبەجێ بكرێت و كۆتایی بەو مامەڵە نابەجێیە بهێنرێت كە لەگەڵ گەلی كوردستان لەسەر بابەتی بودجەو بابەتەكانی تر دەكرێت.