ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، ئەركی هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەرجەم هاوڵاتیانە بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستادا بكەن و خۆیان لە هەرجۆرە رەفتارێك یان بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەك بپارێزن كە خزمەتی نەیارانی كوردستان دەكات و زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەگەیەنێت.
ئەنجومەنی ئاسایش بڵاویشیكردوەتەوە، فەرمان بە دژەتیرۆری كوردستان كراوە كە هەر دەزگایەكی راگەیاندن بە بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەكان و پۆششدانی ناپرۆفیشناڵانەی هەواڵەكانی شەڕو پەلامارەكانی دوژمن كە زیان لە ئاسایشی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بدات، دەستبەجێ ئەو دەزگایە لەلایەن دژەتیرۆری كوردستانەوە روبەڕوی لێپیچینەوە دەبێت و بەپێی یاسا رێكاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر، هەر بەرپرسێكیش بەهۆی لێدوانەكانی ببێتە هۆی ئاشكرابونی زانیاریی هەستیارو لێدوانەكانی خزمەتی دوژمن بكات و زیان لە ئاسایشی هەرێم بدات، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.