لە بانگەوازێكدا بۆ لایەنە سیاسییەكان، محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لەسۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و هەستیاری بارودۆخەكە كە شەڕێكی نەخوازراو بەسەر ناوچەكەدا سەپێنراوەو پێی ناوەتە دەیەی دووەمی و هەرێمی كوردستانیشی گرتوەتەوە، بۆئەوەی چیتر كوردستان نەبێتە مەیدانی شەڕێك كە شەڕی كورد نییەو لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و میللەت داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكەم بەرژەوەندییە حزبییەكان وەلاوە بنێن و هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەیەكی فراوانی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە نزیكترین دەرفەتدا.
محەمەد حاجی مەحمود راشیگەیاندوە، كۆبونەوەكە وەك زەرورەتێكی حەتمی قۆناغەكەیە بۆ پاراستنی سەروەری و دەستكەوتەكانی كوردستان و راگرتنی ئەو هێرشە ناڕەوایانەیە كە دەكرێتە سەر خاكەكەمان لەلایەن ئەو گروپ و لایەنانەی كە ئامانجیانە بخزێنە ناو ململانێكەوە كە سەرەنجامەكەشی مەترسی گەورە دەبێت بۆ خۆیان و داهاتوی وڵاتەكەیان.