نەوا-
لیژنەی باڵای 38هەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە دوای كۆبونەوەیان بڕیاریدا بۆ ئەمساڵ سەرجەم بۆنەو مەراسیمەكەیان رابگرێت.
نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەبەربەرژەوەندی گشتی و ئەو دۆخەی هاتوەتەئاراوەو لەپێناو سەلامەتی گشتی و میواناندا بڕیارێكیانداوە كە مەراسیمە جەماوەرییەكان و بۆنە فەرمییەكان بۆ ئەمساڵ لە پارێزگاكەدا رابگرێت.
وتیشی: دروشمی ئەمساڵی یادەكەیان (هەڵەبجە برینێك لە جەستەی زەوی) پەیامێك بۆ مرۆڤایەتییە) ئەوە تەنها دروشمێكی سەر كاغەز نیە بەڵكو گوزارشتە لەوەی كە هەڵەبجە برینەكەی هێندە قوڵە، هەمو زەوی پێی بەئازارەو پێویستە هەمو مرۆڤایەتی لێیەوە فێری ئاشتی بێت.
پارێزگاری هەڵەبجە راشیگەیاند، لەم ساڵیادەدا تاجە گوڵینە بەناوی دانیشتوانی هەڵەبجەو كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانەوە لەسەر مەزاری شەهیدان لەلایەن پارێزگاوە دادەنرێت و كاتژمێر 11:35 خولەك بۆ ماوەی پێنج خولەك بۆ رێزگرتن لەگیانی قوربانیان بەبێدەنگی رادەوەستن.