نەوا-
شاخەوان عەبدوڵڵا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی عیراق لە رێگەی بۆری هەرێمی كوردستانەوە رایگەیاندوە، ئەو گوتارە میدیایی و سیاسییانەی لەڕۆژانی رابردوودا خرانەڕوو بەتایبەت ئەوانەی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانەوە چ لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەن یان ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانەوە گوتران، لە ئاستی بەرپرسیارێتی و مەترسییەكانی ئەم قۆناغەدا نەبون، چونكە رەهەندی تۆمەتباركردن و گومانخستنە سەری بەسەردا زاڵ بو. هەندێكجار ئەم گوتارانە گوزارشتیان لە ڕق و كینە بەرامبەر بە گەلی كوردستان دەكرد، لەبری ئەوەی جەخت لەسەر چارەسەری واقیعی بكەنەوە كە پەیوەندی راستەوخۆی لە سەر ژیانی خەڵك دروست ئەكات لە سەروی هەموشیانەوە پاراستنی بژێویی هاوڵاتیان و سەقامگیریی بازاڕەكان.
شاخەوان عەبدوڵڵا راشیگەیاندوە، پێیانوایە چارەسەركردنی دۆسیەی نەوت پێویستی بە دوركەوتنەوە لە موزایەدەی سیاسی و هەنگاونان بەرەو گفتوگۆیەكی جدی و بەرپرسانە هەیە كە ڕەگی كێشەكان چارەسەر بكات، تەنگژەكانی ئێستای كەرتی نەوت دانەبڕاون لەنەبونی پلانێكی ستراتیژیی درێژخایەن بۆ هەمەجۆركردنی دەروازەكانی هەناردەكردن، ئەوەش وایكردوە گۆڕانكارییە هەرێمییەكان زیاتر كاریگەرییان لەسەر ئابوری عیراق بێت.