دۆناڵد ترەمپ: دووەم فڕۆكەوانمان لە ئێران رزگاركرد و تەندروستی باشە
6 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی سۆشیاڵ ترووس رایگەیاند، دوێنێ فڕۆكەوانێكی دیكەمان لە ئێران رزگار كردبوو، بەڵام بۆ پاراستنی ئۆپەراسیۆنی دووەم راماننەگەیاند و بەبێ هیچ قوربانییەك هەردوو ئۆپەراسیۆنەكەمان ئەنجامدا، ئەمەش باڵادەستیی ئاسمانییمان دەسەلمێنێت.
ترەمپ لە پەیامەكەیدا دەڵێت، فڕۆكەوانە رزگاركراوەكە ئەفسەرێكی پلە باڵایە بە پلەی عەقید و ئێستا سەلامەت و تەندروستە.
باسی لەوەشكردوە، ئەم ئەفسەرە لە چیاكانی ئێران و لەپشت هێڵەكانی دوژمنەوە بووە، لە كاتێكدا هێزەكانی ئێران بەدوایدا دەگەڕان و كاتژمێر بە كاتژمێر لێی نزیك دەبوونەوە.
سەرۆكی ئەمریكا وتیشی، ئەو هەرگیز بەتەنیا نەبوو، چونكە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، وەزیری جەنگ، سەرۆكی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەكان و هاوسەنگەرەكانی 24 كاتژمێر چاودێریی شوێنەكەیان دەكرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەردوو ئۆپەراسیۆنەكە بێ كوژران یان برینداربوونی تەنانەت یەك ئەمریكیش بووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەمریكا كۆنترۆڵی رەها و باڵادەستیی بەسەر ئاسمانی ئێراندا بەدەستهێناوە".