نەوا-
شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گرفتی كەمئاوی قەزای شارەزور چارەسەر كرا كە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە دروستبون.
جێگری پارێزگاری سلێمانی وتیشی: لەیەكەم رۆژی گرفتەكەوە لەسەر هێڵ بون بەڵام چاككردنەوەی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی شارەزور ئاستەم بو، چونكە رێژەی بەرزبونەوەی ئاوەكە زۆربو هاوكات مەترسی بۆ سەر گیانی ئەندازیاران و كرێكاران دروستكردبو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانرا چارەسەر بكرێت.
جێگری پارێزگاری سلێمانی لەبارەی قەیرانی غازی ماڵانەوە وتی: هەوڵدەدەن هاوشێوەی نەوت پسوڵەی زیرەك بۆ دابەشكردنی غازی ماڵان دروستبكەن، لەئێستادا لەڕێگەی بریكارەكانمانەوە غاز دەنێرن بۆ گەڕەكەكان، بەڵام رێژەكە كەمە، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەكەن بۆ كڕینی غاز لە كارگەو بەنزینخانەكان سەرە نەگرن، چونكە لەگەڵ قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەكاندا گفتوگۆیان كردوە بۆئەوەی بەشە غازی ئەو شوێنانە لەبەشە غازی ماڵان جیابكرێنەوەو ئەو رێژەیەی بۆ ماڵان تەرخاندەكرێت وەك پێشتر لەڕێگەی بریكارەكانەو لەگەڕەكاكاندا دابەشبكرێت.