نەوا-
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەمەودوا غازی ماڵان لەرێگەی كارتی ئەلیكترۆنییەوە دابەش دەكرێت و هۆشداریش دەدەنە سەرجەم بریكارەكانی فرۆشتنی غازو هەر كەسێك لە نرخی دیاریكراوی حكومەت گرانتر بیفرۆشێت روبەڕوی سزای یاسایی دەبێتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، ئومێد خۆشناو سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی نەوت و كانزاكان كردوە تیایدا تیشكخراوەتە سەر میكانیزمی نوێی دابەشكردنی غازی ماڵان لەڕێگەی كارتی ئەلكترۆنییەوە.
پارێزگاری هەولێر داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردوە چاودێریی وردی بازاڕ بكەن و بڕیاریشیداوە ئاسانكاریی تەواو بكرێت بۆ ئەو خێزانانەی تازە هاوسەرگیرییان كردوەو هێشتا مامەڵەی جیاكردنەوەی فۆرمی خۆراكیان تەواو نەكردوە، لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەی ئەو هاوڵاتیانەی لەسنوری ناوچەكانی مادەی 140 دەژین.