پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی هەورەبروسكە و لێزمەباران دەكرێت

4 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی هەورەبروسكە و لێزمەباران و تەرزە دەكات بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.
 ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی ئاشكراشیكرد، ئەمڕۆ یەكشەممە لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆدا ئەگەری تاوەبارانی كورتخایەن و هەورەبروسكە هەیە، بەڵام لە كاتەكانی شەودا و بەتایبەت لە نیوەشەو بۆ بەرەبەیانی سبەینێ دووشەممە، زنجیرەیەك كەڵەكەهەوری بەهێز لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە ڕوو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
ئەو شارەزایە پێشبینی ئەوەشی كرد لەو ماوەیەدا ئەگەری لێزمەباران و تەرزە و هەورەبروسكەی توند هەیە، كە زۆرترین كاریگەرییەكانی لە هەولێر، كەركووك و گەرمیان دەبێت بەراورد بە ناوچەكانی دیكە.
لە بەشێكی دیكەی پێشبینییەكانیدا ئاماژە بەوەشدراوە، كاریگەرییەكانی ئەو شەپۆلە لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممەوە لاواز دەبێت و كەشوهەوا تا ڕادەیەك جێگیر دەبێتەوە، هەرچەندە ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسكە لە هەندێك شوێندا دەمێنێت.
هاوكات پێشبینی دەكرێت بۆ ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو، جارێكی دیكە ناسەقامگیریی كەشوهەوا ناوچەكە بگرێتەوە و، شەپۆلێكی دیكەی هەورەبروسكە، تەرزە و لێزمەباران بە چڕی زۆربەی ناوچەكان بگرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group