نەوا-
ڤەگێر ئەحمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی نوێكردنەوەی سیاسەتی دابینكردنی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی یونیسێف و بە پاڵپشتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان پڕۆژەیەكی نیشتمانیی بۆ نوێكردنەوەی سیاسەتەكانی دابینكردنی ئاو دەستپێدەكات، ئەم هەنگاوە ئامانجی داڕشتنەوەی پلانێكی نوێیە كە لەگەڵ گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەكان و ئاڵنگارییەكانی كەمیی ئاو و گۆڕانی كەشوهەوا بگونجێت.
باسی لەوەشكردوە، پڕۆژەكە بۆ ماوەی 6 مانگ بەردەوام دەبێت و تێچوی خەمڵێنراوی پڕۆژەكە 78 ملیۆن و 600 هەزار دینارەو لەلایەن یونیسێف و بە هاوكاری كۆمپانیایەكی هۆڵەندی و وەزارەتەكانی شارەوانی و پلاندانانەوە جێبەجێ دەكرێت، ئامانجی سەرەكیی ئەم دەستپێشخەرییە كۆكردنەوەی داتای ورد و باوەڕپێكراوە بۆ ئەوەی ببنە بنەما بۆ نوێكردنەوەی ئەو سیاسەتەی كە لە ساڵی 2010 وە پەیڕەو دەكرێت و پێویستی بە گۆڕانكاریی ریشەیی هەیە.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆسەكە تەنها نوسینەوەی پلان نییە بەڵكو گەڕانێكی مەیدانیی بەرفراوانە كە هەزارو 500 خێزان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك دەگرێتەوە، لەم پڕۆژەیەدا نوێترین تەكنەلۆژیای بۆ كۆكردنەوەی داتا و نەخشەسازیی دیجیتاڵی بەكاردەهێنرێن، ئەمەش دەرفەت دەداتە دامەزراوەكانی حكومەت كە بە شێوەیەكی زانستی كێشەكانی نایەكسانی لە دابەشكردنی ئاو و كەلێنەكانی خزمەتگوزاری لە شار و لادێكاندا دەستنیشان بكەن.
سیاسەتی دابینكردنی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2010 داڕژاوەو لە دوای 15 ساڵ روبەڕوی كۆسپ بوەتەوە بەهۆی خێرایی فراوانبوونی شار، زیادبوونی فشاری دانیشتووان و كاریگەرییە توندەكانی گۆڕانی كەشوهەوا كە بونەتە هۆی كەمیی ئاوی ژێرزەوی.