عەلی زەیدی: دادپەروەری بۆ قوربانییانی دەستی دیكتاتۆریەت جێبەجێ دەكەین

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "ئێكس" رایگەیاند، لە رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا یادی قوربانییە گەورەكانی رۆڵەكانی گەل بە سەرجەم پێكهاتەكانەوە دەكەنەوە.
باسی لەوەشكرد، گەلی عێراق لە رابردوودا رووبەڕووی دڕندانەترین جۆرەكانی كوشتن و ئەشكەنجەدان بووەتەوە لەسەر دەستی رژێمی دیكتاتۆریی رووخاو.
عەلی زەیدی روونیشی كردەوە، ئەوان پابەندن بە قەرەبووكردنەوە و هێنانەدی دادپەروەری بۆ كەسوكاری قوربانییان، چ ئەوانەی لەسەر دەستی دیكتاتۆریەتی رووخاو شەهید بوون، یان ئەوانەی لەلایەن پاشماوەكانیانەوە كرانە ئامانج لە چوارچێوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكاندا.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا سەرۆكوەزیران ئەوەشی خستە روو، بەڵێن دەدەن ژیانێكی ئازاد و شكۆمەندانە بۆ كەسوكاری قوربانییان و بۆ تەواوی هاووڵاتییانی عێراق دابین بكەن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2007دا بڕیاری دا رۆژی 16ی ئایاری هەموو ساڵێك لە عێراق وەك رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دیاری بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group