فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی: دەبو بەفەرمی وەڵامی ترەمپ بدرایەتەوە

50 خولەک پێش ئێستا

فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پەیامێكی هاوبەش ئاڕاستەی ویلایەتە ‏یەكگرتوەكانی ئەمریكاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە ‏تایبەتە بە لێدوانەكانی ئەمدوایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە بارەی ناردنی چەك و ‏دیارنەمانی و ئەو تۆمەتانەی تر كە گوایە كورد بە پارە شەڕ دەكەن.‏
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە زلهێزەكان هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان، پشتگیرییان ‏لەو لایەنە سیاسییانە كردووە كە هۆكاری بێكاری، نادادی و بێمووچەیی خەڵكی كوردستانن. ‏هەروەها نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە ئاست بێدەنگیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حیزبە ‏كوردییەكان دەربڕیوە. پێویست بوو ئەوان بە فەرمی و بە توندی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی ترەمپیان ‏بدایەتەوە، نەك بابەتەكە بۆ ململانێی ناوخۆیی و حیزبی بەكار بهێنن.‏
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەیە:-‏

پەیامێكی كراوە و هاوبەش بۆ‎ ‎

‎- ‎ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا
‎-  ‎یەكێتیی ئەورووپا
‎- ‎سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان
‎- ‎حزبەكان لە هەموو كوردستان
‎- ‎ڕای گشتیی جیهانی

بەڕێزان‎..‎
ئێمەی گەلی كورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەكێك لە كۆنترین و ڕەسەنترین نەتەوەكانی سەر ‏ئەم زەوییەین. مێژووی ئێمە تەنها چەند سەدەیەك نییە، بەڵكو ڕەگ و ڕیشەی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ‏هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ئەو كاتەی مرۆڤایەتی لەم ناوچەیەدا یەكەمین هەنگاوەكانی شارستانیەتی ‏ناوە. جوگرافیای كوردستانی گەورە، كە لە زنجیرە چیاكانی قەوقاز و بەرزاییەكانی ئازەربایجانەوە ‏دەست پێ دەكات و بە ناو جەرگەی چیاكانی زاگرۆس و تۆرۆسدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە پێدەشتەكانی ‏حەمرین، و لە هەمەدان و تەبرێزەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بەرزاییەكانی جۆلان و حەلەب و كەناراوەكانی ‏دەریای ناوەڕاست، شاهیدی ئەوەیە كە ئێمە بەشێكی سەرەكی و بزوێنەری مێژووی ئەم ناوچەیە ‏بووین. ئێمە هەمیشە وەك گەلێكی ئاشتیخواز شانبەشانی نەتەوەكانی دیكە ژیاوین و جێدەستی ‏ئێمە بەسەر كۆی پڕۆسەی گەشەكردنی مرۆییەوە لە ڕووی زانستی، فەلسەفی، سیاسی و ‏كۆمەڵایەتییەوە دیار و بەرچاوە‎.‎
گەلی كورد لە مێژووی نوێدا، بەتایبەتی دوای كۆتاییهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانی، گەورەترین ‏زوڵمی مێژوویی لێ كراوە. لەو كاتەی نەخشەی نوێی جیهان دادەڕێژرا و مافی بڕیاردانی چارەنووس ‏بۆ زۆربەی نەتەوەكانی ناوچەكە دەستەبەر دەكرا، بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی وڵاتانی زلهێز ‏و هاوكێشە ئیقلیمییەكان بوونە ڕێگر لەوەی كورد ببێتە خاوەنی كیانی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی ‏سەربەخۆی خۆی. بەپێچەوانەوە، گەلی كورد وەك میراتی دەوڵەتی عوسمانی بەسەر چەند دەوڵەت-‏نەتەوەیەكی ناوچەكەدا دابەش كرا، كە زۆربەی ئەو دەوڵەتانە لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو ‏دامەزرابوون. لەو ساتەوە، ناسنامەی كوردی ڕووبەڕووی سڕینەوە بووەتەوە و هەمیشە وەك ‏نەتەوەیەكی "پلە دوو" مامەڵەمان لەگەڵ كراوە. مافە سەرەتاییەكانمان لەسەر خاك و ئاوی خۆمان ‏پێشێل كراوە. ژن، منداڵ، پیر و گەنجی ئێمە بوونەتە قوربانیی گرتن، ئەشكەنجەدان، زیندانیكردن و ‏جینۆسایدە یەك لە دوای یەكەكان. بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و كۆكوژ لە دژی خەڵكی سڤیلی ‏ئێمە، پەڵەیەكی ڕەشە بە نێوچەوانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە، كەچی زۆرجار وڵاتانی زلهێز لەپێناو ‏پاراستنی بەرژەوەندییە كاتییەكانی خۆیان، چاویان لە ئاست ئەم هەموو تاوانانە داخستووە‎.‎
لە ململانێ سیاسییەكاندا، كورد هەمیشە وەك كارتی فشار یان وەك هاوپەیمانێكی كاتی بەكار ‏هێنراوە. هەر كاتێك بەرژەوەندیی وڵاتانی مەزن وا پێویستی كردبێت، باسی مافەكانی مرۆڤ و ‏دیموكراسییان بۆ كورد كردووە، بەڵام كاتێك ململانێكان كۆتاییان هاتووە، كورد وەك قوربانییەك ‏لەبەردەم دەسەڵاتە ستەمكارەكاندا جێ هێڵدراوە. سەرەڕای ئەم هەموو ناپاكی و نادادییە، كورد ‏هەرگیز نەبووەتە سەرچاوەی ترس و تیرۆر بۆ جیهان. بەپێچەوانەوە، ئێمە سەلماندوومانە كە هێزی ‏هەرە كاریگەرین لە تێكشكاندنی توندڕەوی و تیرۆری نێودەوڵەتی. پێشمەرگە و شەڕڤانانی كورد لە ‏جیاتی هەموو جیهان جەنگی داعشیان كرد و سنووریان بۆ تاریكی دانا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ‏كە كورد كلیلی چارەسەری ئاشتییانە و سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا‎.‎
لە كاتی زیادبوونی ئاڵۆزییەكانی نێوان (ئەمریكا-ئیسرائل-ئێران)، جارێكی دیكە گەلی كورد ‏بووەوە بە قوربانیی سەرەكی. لە ڕووی ماددی، مەعنەوی، ئابووری و سیاسییەوە زۆرترین زیانمان ‏بەركەوت، لە كاتێكدا ئێمە وەك نەتەوە لایەنگیری هیچ جەمسەرێكی ئەو شەڕە نەبووین. ئەوەی ‏ئازارەكەی دوو هێندە كرد، لێدوانەكانی (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا)یە. ناوبراو لە چەندین ‏بۆنە و چاوپێكەوتندا بە شێوەیەكی دوور لە عورفی دیپلۆماسی و سیاسی، وەسفی كوردەكانی كرد. ‏تۆمەتباركردنی نەتەوەیەك كە ژمارەیان لە جیهاندا نزیكەی ١٠٠ ملیۆن كەسە، بەوەی كە "تەنها ‏بۆ پارە شەڕ دەكەن" یان "چەكیان بردووە بۆ خۆیان"، سووكایەتییەكی گەورەیە بە مێژوو و ‏قوربانییەكانی ئەم گەلە. ئەم جۆرە لێدوانانە لەسەر زاری سەركردەی وڵاتێك كە خۆی بە پارێزەری ‏دیموكراسی دەزانێت، زۆر مەترسیدارە‎.‎
ئەم جۆرە گشتاندنە لە قسەكردندا، تەنها سووكایەتی نییە، بەڵكو ڕێگەخۆشكردنە بۆ دوژمنانی ‏كورد تا جارێكی دیكە دەستیان بۆ جینۆسایدكردنی ئێمە بچێتەوە. لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ‏ئەم گوتارانە پێشێلكردنی ڕوونی "ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی ‏جیاكاریی ڕەگەزی‎ (ICERD)"‎ە. بەتایبەتی ماددەی چوارەمی ئەو ڕێككەوتننامەیە دەوڵەتان ‏پابەند دەكات بە قەدەغەكردنی هەر جۆرە پڕوپاگەندەیەك كە سووكایەتی بە گرووپێكی ئیتنی بكات. ‏هەروەها ئەمە پێشێلكردنی ماددەی ٢٠ی "پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەكان‎ ‎‎(ICCPR)"‎ە، كە هاندانی ڕق و كینەی نەتەوەیی بە تاوان دەناسێنێت. ناكرێت سەرۆكی وڵاتێكی ‏وەك ئەمریكا، كە هاوپەیمانی سەربازیی ئێمە بووە لە دوای ٢٠٠٣  لە جەنگی عێراق و لە جەنگی ‏دژی داعشدا، بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ كەرامەتی نەتەوەیەكدا بكات. ئەگەر كێشەیەك لە ‏ڕادەستكردنی چەك بە هێزێكی دیاریكراو هەبووە، پێویستە ناوی ئەو لایەنە بهێنرێت، نەك هەموو ‏گەل تۆمەتبار بكرێت‎.‎
ئێمە وەك كۆمەڵێك ڕێكخراو و كەسایەتی لە هەرێمی كوردستان، هەمیشە هەوڵمان داوە بنەماكانی ‏مافی مرۆڤ و دیموكراسی بچەسپێنین. بەردەوام ڕەخنەمان لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆ گرتووە و داوای ‏ڕێزگرتن لە یاسامان كردووە. بەڵام جێی داخە كە زلهێزەكان هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان، ‏پشتگیرییان لەو لایەنە سیاسییانە كردووە كە هۆكاری بێكاری، نادادی و بێمووچەیی خەڵكی ‏كوردستانن. ئێمە لێرەدا نیگەرانیی قووڵی خۆمان لە ئاست بێدەنگیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏و حیزبە كوردییەكان دەردەبڕین. پێویست بوو ئەوان بە فەرمی و بە توندی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی ‏ترەمپیان بدایەتەوە، نەك بابەتەكە بۆ ململانێی ناوخۆیی و حیزبی بەكار بهێنن. بێدەنگی لە ئاست ‏سووكایەتیكردن بە نەتەوە، نیشانەی لاوازیی سیاسی و بێباكی پێشاند دەدات بەرامبەر بە ‏كەرامەتی نیشتمانی‎.‎
بۆیە ئێمە وەك نوێنەری بەشێك لە ڕای گشتیی كوردستان، ئەم داواكارییانە ئاڕاستە دەكەین‎:‎

یەكەم: پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر ئاستی باڵای دامەزراوەیی، داوای لێبوردن ‏لە گەلی كورد بكات. ئەو ناوزڕاندن و بێڕێزییەی بەرامبەر بە كورد كراوە، پێویستە ڕاست بكرێتەوە ‏و بە ڕوونی ئاماژە بەوە بكرێت كە كورد هاوبەشێكی ستراتیژی و گرنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ‏نەك كۆمەڵێك "بەكرێگیراو‎". ‎

دووەم: داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێم دەكەین، لە ڕێگەی كەناڵە ‏دیپلۆماسییەكانەوە هەڵوێستێكی فەرمی و جدییان هەبێت. ناكرێت لە ئاست سووكایەتیكردن بە ‏شكۆی نەتەوەیی بێدەنگ بن‎.‎

سێیەم: داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەین، بێدەنگی بشكێنن ‏و یەكدەنگ بن لە دژی هەر جۆرە گوتارێكی ڕەگەزپەرستانە كە دژی كورد بەكار دەهێنرێت. ‏پێویستە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی‎.‎

چوارەم: داوا لە وڵاتانی ئەورووپا، ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئەو كەسایەتییە جیهانییانە دەكەین ‏كە دۆستی كوردن، بێنە دەنگ. بێدەنگی لە ئاست تاوانباركردنی میللەتێكی ستەملێكراو، دەبێتە ‏هۆی شەرعیەتدان بە زوڵمی زیاتر. ئێمە داوا دەكەین ڕێز لە مێژوو و قوربانییەكانی كورد بگیرێت و ‏وەك نەتەوەیەكی خاوەن ماف مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت‎.‎

ئەم پەیامە دەنگی هەزاران مرۆڤی خەمخۆر و ئازادیخوازە كە دەیانەوێت ڕاستییەكان بگاتە جیهان. ‏ئێمە چاوەڕێی وەڵامی جدی و كردەیی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین تاوەكو چیتر كەرامەتی ‏نەتەوەیەك نەبێتە قوربانیی یارییە سیاسییەكانی سەركردە بێباكەكان‎.‎

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی
‏٢٣‏‎ ‎ئایاری ٢٠٢٦‏

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group