سیمای پێچەوانەی عێراق

عەتا كەریم

01/02/2020

هێزە سیاسییە عێراقییەكان سەر بەم كۆمەڵگە سیاسی و كۆمەڵایەتی و فرەییە ئەتنی و مەزهەبییەن كە لە واقیعی كۆمەڵگەدا هەن، بۆیە هەر سیستم و شێوەیەك بۆ حکومڕانیی ئەم دەوڵەتە دەستنیشان بكرێت، ئەوا لەم چاوگە ئاڵۆزەوەیە، ئەوەی ئاڵۆزتریشی دەكات ئەو جووڵە سیاسی و مەزهەبییانەن، كە لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسی و حکومڕانییەكەیەوە فەڕز دەكرێن.
ژینگەی سیاسیی عێراق مۆدێلەكانی پاشایەتی و كۆماری و فیدڕاڵیی تیادا تاقی كراوەتەوە، بەڵام هیچ كامیان نەبوونەتە هۆكاری سەقامگیریی سیاسی و حکومڕانی و كۆمەڵایەتی، كە لانیكەم هاوتای درووشم و بەڵێنە سیاسییەكان بێت، بەڵكوو فراوانترین دوورایی خوڵقێندراوە لە نێوان ئەو واقیعە كۆمەڵایەتی و مەزهەبییەی هەیە لەگەڵ خەیاڵ و بیركردنەوەكانی خەیاڵدانی سیاسی لە عێراق، بە جۆرێك ئەم دەوڵەتە لە مانا ڕاستەقینەكەی وەك دەوڵەتێك كە لەسەر بنەما و فاكتەكانی حکومڕانی داماڵدراوە، كە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی بێ ئەرزش و لە ئاستی دەرەوە و ناوەندە نێودەوڵەتییەكانیش كاره‌كتەرێكی لاواز و بێكاریگەرە.
دیمەن و گەمە سیاسییەكان لە عێراق لەسەر ئاڕاستەی لایەنی سیاسی، پێكهاتەیی، حکومڕانی بە بنەمای تەشریعی و تەنفیزی، ئاشكرایە كە مەیلی زۆرینە بە ڕەنگی مەزهەبیی شیعی لەسەر تابلۆی نوێ دەردەكەوێت، بەڵام هێشتا داڕشتنەوەی دەوڵەت بەم ڕەنگە قبووڵكراو نییە، سەرباری ئەوەی لە واقیعی ناوخۆییدا لەوە دەرچووە ڕەت بكرێتەوە، بە تایبەتی كە لە دوای ڕووخاندنی سیستمی كۆماریی-دیكتاتۆریی بەعسی بە ڕەنگی سوننە، ئەم ڕەنگی مەزهەبی شیعییە بەسەر تابلۆكەدا تۆخ و زاڵ دەكرێت، بە جۆرێك ئێستا وەك ئەڵتەرناتیڤێك دەبزوێندرێت.
ئەم ئەڵتەرناتیڤەی لە بیركردنەوەی كاره‌كتەرە سەرەكییەكانی مەرجەع لە لایەك و كاره‌كتەری ناو سیاسەت و حکومڕانیش پەسند و شەڕلەسەركراوە، چونكە لەمێژە خۆسەلماندنەكانی بە ڕێگە دیموكراسییەكەی خۆی دەسه‌پێنێت بەو پێیەی هەڵبژاردنە دیموكراسی و بەركەوتەكانی لە ئەنجامی مسۆگەری زۆرینەوە بوو، بەبێ ئەوەی دیموكراسییەك بێت تایبەت بە فرەڕەنگی و سیاسی و ئەتنی و مەزهەبییەوە بێت، كە كودەتایەكی یەكڕەنگی لە تابلۆ سیاسییەكەی داهاتووی عێراقدا دەبینرێت.
ئەم وێنەیە كە هەمەڕەنگیی سیاسی و نەتەوەیی و پێكهاتەیی دەسڕێتەوە یان بێكاریگەر دەكات، ناچاریان دەكات بیر لە مۆدێلێكی دیكە بەرامبەر بەم وێنەیە بكاتەوە، كە گونجاوترینیان شێوازی دابەشكردنی عێراقە بۆ هەرێمەكان، كە كورد وەك ئەتنیی جیاواز هەرێمی خۆی هەیە و هەروەها بۆ سووننەكانیش هەرێمك هەبێت، شیعەكانیش بە هەمان جۆر، بۆیە ئەم شێوازە لە بیركردنەوەی ناوخۆیی زۆرێك لە هێزە سیاسییەكاندا هەیە و زۆر جاریش كارتی فشار و هەڕەشەیە، هەندێك جاریش ئەم باسە لە بیركردنەوەی دەرەوەی عێراق خۆیشیدا هەیە.
بەریەككەوتن و فەڕزكردن و ئاڵۆزی و هەڵنەكردنی پێكەوەیی سیاسی و پێكهاتەیی عێراق، خودی ئەم دەوڵەتە دەخاتە بەردەم بژاردەی زاڵبوونی دەوڵەتی مەزهەبی شیعیی زۆرینە، یاخود دابەشكردن و قبووڵكردنی سێ هەرێم، بەبێ ئەمانە عێراق لە بەردەم ئەم بەریەككەوتنە بێئەنجامەی ئێستایدا دەمێنێتەوە، كە دەوڵەتێكی داڕووخاوی بێسەنگی لەقبووی بەرهەم هێناوە، كە یەكپارچەییەكەی لە گوتاردا هەیە و لە واقیعدا نییە، حكومەتی خەڵك لە كارنامەدا هەیە و لەناو خەڵكدا نییە، پێكەوەیی لە درووشمی سیاسیدا هەیە و لە سیاسەتدا نییە، كە پێچەوانەكان سیمای ڕاستەقینەی عێراقە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group