نەوتی رەش و بەختی رەش

سەرتیپ جەوهەر

پێش 3 هەفتە

كۆماری (ناورۆ) كە دەكەوێتە زەریای هێمن، یەكێك بوو لەدەوڵەمەندترین وڵاتەكانی جیهان، ئەو وڵاتە بە دورگەی بەختەوەریی ناسرابوو. خاوەنی سامانێكی گەورەی سروشتیی بوو، هەر هاوڵاتییەك ساڵانە 50 هەزار دۆلار بەبێ‌ هیچ كارو كاسبییەك دەچووە سەر هەژمارە بانكیەكەی! یەكەم وڵات بوو لەهەناردەكردنی فۆسفات. كاربەدەستانی دەستیان بەهەرزانفرۆشكردنی سامانی سروشتیی وڵاتەكەیان كرد.

ساڵی 1990 یەدەگی سامانی سروشتیان لەبن هێنا! ساڵی 2000 حكومەتەكەیان بەتەواوی ئیفلاسیكردو نەیتوانی موچەی فەرمانبەرەكانیشی دابین بكات! لەوە خراپتر نەیتوانی شەقامەكان پاكبكاتەوەو ئاوی خواردن دابین بكات و نەخۆشخانەكان بەڕێوەببات!

كۆنگۆی دیموكرات خاوەنی سێیەم یەدەگی ئەلماسە لەجیهان كە بەیەكێك لەگرانبەهاترین كانزاكان دادەنرێت، كەچی بەیەكێك لەوڵاتە هەژارەكانی جیهان هەژمار دەكرێت. زیمبابۆی و رواندا یەدەگی زێڕیان ئەوەندە هەیە ببنە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان، كەچی لەڕیزبەندی وڵاتە هەرە هەژار نشینەكانی جیهانن. هاوڵاتیانیان ناتوانن رۆژانە تەنها 4 دۆلار پەیدابكەن بۆ ئەوەی ژەمێك خواردن بكەن بەدوو ژەم نان خواردن.

ئەو ژمارانەی لەداهاتی نەوتی كوردستان بڵاودەكرێنەوە، چیرۆكی ئەو وڵاتانەمان بیردەخاتەوە كە خاوەنی گەورەترین سامانی سروشتین كەچی لەوڵاتە هەرە هەژارەكانی جیهانن!

كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهان پێگەیەكی دیاری هەیە، جگە لە نەوت خاوەنی یەدەگێكی گەورەی گازی سروشتییە! بەڵام بەپێی ئەو ژمارانەی لێپرسراوانی حكومەت خۆیان رایانگەیاندووە، نزیكەی لە 60% داهاتی نەوتی كوردستان بۆ كۆمپانیاكان و لابەلا دەڕوات، تەنها 40% داهاتەكەی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە! واتە ئەوەی كۆمپانیاكان بەناوی دەرهێنان و گواستنەوەو فرۆشتن دەستیان دەكەوێت، زۆر لەوە زیاترە كە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت!

لەوە خراپتر، وەك ئەوەی لە وڵاتی ناورۆ رویدا، دەبینین بەشێك لەكێڵگەكانی نەوت لەهەرێم، ئەوەندە نا زانستیانە مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە، هەندێكیان بەتەواوی وشككران و هەندێكیشیان وێرانیان كردووە! بۆنمونە لەبیرە نەوتەكانی شیواشۆك لەسەرو 170 هەزار بەرمیل لەڕۆژێك دەردەهێنرا، كەچی ئێستا بەرهەمی ئەو بیرانە 8 بۆ 9 هەزار هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا!

بەشێك لەكاربەدەست و حوكمڕانانی هەرێم لەپرۆپاگەندەو بانگەشەی هەڵبژاردنەكان پەیمانی زێدە بەختەوەریان بەخەڵك دەدا، باسیان لەپارەی مانگانەو خەوی خۆش دەكرد، كەچی دەركەوت ئەو گرێبەستانەی ئەوان كردویانە، خەڵكی كوردستان و نەوەكانی داهاتووشیان گرفتاری ژیانێكی پڕ كولەمەرگیی كردووە.

ئەزموونی سەربەخۆكردنی ئابوریی هەرێمی كوردستان بەرگەی تەنها یەك ساڵی نەگرت! هەر لەدوای بڕینی بودجە لە 2014، هەرێم روبەرووی بارێكی ناهەموار بویەوە، كەچی هێشتا گرانیەكە نەڕەویبویەوە، سەربەخۆیی هەرێم هێنرایە گۆڕێ، ئەویش بارەكەی گرانتركرد.

بەشێك لەحوكمڕانانی هەرێم، لەپەنای دروشمی سەربەخۆكردنی ئابوریی و فرۆشتنی نەوت، خەوی سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانیان بەخەڵك دەبینی، دەركەوت تەنها دروشمی هەڵبژاردن و  هەندێك خواستی شەخسی و حزبیی بریقەدارە و هیچی دیكە! دەركەوت ئەو دەریا نەوتەی هەمانە، دەریای خەمە، بۆ خەڵكی زێڕی رەش بوو، بۆ ئێمە بەختی رەش! نەوتەكەمان رادەستی كۆمپانیاكان كردو،  نە سەربەخۆیمان بوو، نە خۆشگوزەرانی. ئێستا لەچاوەڕوانی بەغداین، بەڵكو دوو عانەمان زیادە بۆ بنێرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group