چیان له‌ شه‌نگال ده‌وێت

لەتیف فاتیح فەرەج

پێش 3 هەفتە
له‌ 2014 كه‌ تۆزی سه‌یاره‌كانی داعش ده‌ركه‌وت هه‌رچی هێزی خۆ به‌ شتزان و كاكی پێشمه‌رگه‌ی شه‌نگاله‌ قه‌لفڕیان كردو فریای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و خاتونه‌ش نه‌كه‌وتن كه‌ پێشی پێگرتبون و ده‌یگوت بۆ كوێ‌ ده‌چن و بۆ شه‌نگال جێدێڵن كه‌س بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بوو یه‌ك پله‌ داری پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و حه‌یاچوونه‌ سزابدات.
گروپێك شه‌ڕڤانی بوێرو ئازا له‌ چیای شه‌نگاله‌وه‌ لوله‌ی تفه‌نگه‌كانیان كرده‌ شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كانی تاریكی و دوای جینۆ سایدێكی گه‌وره‌ی شه‌نگالیه‌كان شه‌نگالیان له‌ جینۆسایدی مه‌ترسیدارتر پاراست ، ئه‌و كاته‌ ئه‌ردۆغان وه‌ك داعشیه‌ك شاگه‌شكه‌ی ئه‌وه‌ بوو داعش هه‌موو كوردستان بسوتێنێ‌ ، لێ‌ شه‌ڕڤان و گه‌ریلا نه‌یانهێشت.
ئه‌مه‌ریكا له‌ شكستی شه‌نگالا وه‌ك پێویست ده‌نگی نه‌بوو ، له‌ سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕوانه‌كانی شه‌نگال و شه‌نگالیه‌كاندا وه‌ك پێویست پشتگیری نه‌كردن ، ئه‌مه‌ریكا ئێستاش كه‌ هه‌موولایه‌ك ده‌یانه‌وێ‌ كه‌ڵبه‌ له‌ شه‌نگال گیر بكه‌ن دیسان بێده‌نگه‌
فه‌ڕه‌نسا كه‌ خۆی وه‌ك دۆستی كورد نیشانده‌دات ، به‌ كرده‌وه‌ش ده‌یه‌وێت شه‌نگال ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌ ، كه‌چی له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و چه‌ڵته‌كانی ئه‌ردۆغان بێده‌نگه‌و له‌ ته‌ماشاكه‌رێك زیاتر نیه.
توركیا له‌ زاری ئه‌ردۆغانه‌وه‌ ده‌ڵێت شه‌وێك له‌ پڕ ده‌چینه‌ شه‌نگاله‌وه‌ ، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م بێئه‌ده‌بیه‌دا ده‌وڵه‌تی عیراق و كازمی له‌ بری وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌ له‌ ته‌كی داده‌نیشن و له‌ گه‌ڵیدا له‌دژی هاوڵاتیه‌كانی شه‌نگال كه‌ هاوڵاتی عیراقین ده‌چنه‌ سه‌نگه‌رێكه‌وه‌.
پێشمه‌رگه‌ كه‌ 2014 له‌ ئاسك تیژ تر پشتیان له‌ شه‌نگال كردو هه‌ڵاتن ، ئێستا ئه‌وانیش هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕ له‌ ته‌ك شه‌نگالیه‌كان ده‌كه‌ن ، شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ت و بۆ توركیا، سوپای عیراقیش ئه‌و سوپایه‌ی سه‌ركرده‌كانی به‌ مه‌كسی ژنانه‌وه‌ له‌ موسڵ هه‌ڵاتن ، ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ شه‌نگال و شه‌نگالپارێزه‌كان ده‌كه‌ن.
ئێران و توركیا كه‌ دوو دوژمنی سه‌رسه‌خت و قێزه‌ونی یه‌كترن و هه‌رگیز كۆك نه‌بوونه‌ مه‌گه‌ر له‌ سه‌ر له‌ناودانی كورد، ئێستا ده‌یانه‌وێت شه‌نگال بكه‌ن به‌ مه‌یدانی جریتبازی خۆیان.
ئه‌م گه‌مه‌ ناشرینه‌ی ئێستاو هه‌ڕه‌شه‌كانی " توركیا ، عیراق ، پارتی " له‌ لایه‌ك و بێده‌نگی ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌و راستیه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ شه‌نگال بێكه‌سترین شاری دنیایه‌ ، شارێك جگه‌ له‌ ئێزدیخان شه‌ڕوانه‌كانی خۆی زیاتر كه‌س نیه‌ هاوكاری بكا.
له‌ نێو ئه‌و بارودۆخه‌ مه‌ترسیداره‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ بری به‌رگرتن به‌ په‌لاماردانی شه‌نگالیه‌كان ،وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان به‌ میرات بۆ ئه‌و مابێته‌وه‌ ، ته‌خشان و په‌خشانی ده‌كات و له‌ وڵاتان له‌ بری قسه‌ كردن له‌ چاره‌نووسی شه‌نگالیه‌كان ده‌ڵێت باسی كێشه‌كانی سوریامان كرد !!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group