خەفەتی (ساڵح موسلیم)یشمان بۆ زیادبوو

ئەبوبەکر هەڵەدنی

26/02/2018
ئەمساڵی 2018 یادی 100 ساڵەی دروستكردنی یەكەمین حكومەتی كوردیە لەلایەن شێخ مەحمودی نەمرەوە، كە دواتر بەهۆی خۆرەی ناوخۆو پشت تێكردنی ئینگلیزەوە ئەو حكومەتەش روخاو شێخیش بەو داخەوە سەری نایەوە.
دەبێت بپرسین دوای یەك سەدە بۆ هێشتا لەبازنەیەكی بۆشدا دەخولێینەوەو ئاواتەكانمان وەدی نەهاتون؟ وەڵام ناپاكی خۆمان و فریوی بەناو فریادڕەسەكانمان لەخۆرئاوای بەرژەوەندی پەرست، (ڤیەننا و بەرلین و پاریس و پراگ) هاوشێوەی (بەغداد و ئەنقەرە و تاران و دیمەشق و جەزائیر) بونەتە سەرزەمینی سەربڕین و زیندەبەچاڵكردنی خەونەكانی كورد.
هەرگیز رۆژئاوا لەگەڵ ئێمە راستگۆ نەبوەو نابێت، هەمیشە لەكاتی تەنگانەو هەستیاردا پشتی تێكردوین و كورد واتەنی بەشوی داوین.
ئەوەتا دوا گەمە و بێ مۆڕاڵی خۆرئاوای دیموكراسی و مافی مرۆڤ، دوای ئەو هەموو قوربانیەی گەلی رۆژئاوا لە شەڕی تیرۆر، بەو جۆرە پاداشت كراین بەدەستگیركردنی ساڵح موسلیم هاوشێوەی گەلەكۆمەی سەر ئۆجەلانی 19 ساڵ لەمەوبەر.
جگە لەخۆمان تەنها خۆمان، كەس دۆستمان نییە، هەرچەندە هێشتا وانەمان وەرنەگرتوەو لەدەردە كوردی (خۆخۆری) هەر بەردەوامین و رزگارمان نەبوە.
ئازادی بۆ ساڵح موسلیم، ریسوایی بۆ داگیركەرانی خوێنمژ و هاوكارەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group