كەركوك یەكلاكەرەوەیە

سەرتیپ جەوهەر

27/05/2019

وەك پێشبینی دەكرا ئەو بڕگەیەی پەیوەندی بەیەكلاییكردنەوەی پارێزگاری كەركوك و وەزیری دادی بەغداوە هەیە، گرێی بۆ دروستكرا و پاشەكشە لەجێبەجێكردنیدا هەیە! لێدوانەكانی چەند رۆژی رابردووی چەند سەركردایەتییەكی پارتی، بەڵگەی ئەو پاشەكشەیەیە.
جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە، لێكەوتەو دەرهاویشتەی خراپی دەبێت لەسەر بارودۆخی كەركوك بەشێوەیەكی گشتی، هەروەها پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە چەند رۆژێكی داهاتوو هەنگاوی نوێ‌ دەستپێبكات.
سەبارەت بەكەركوك، ماوەیەكە هەوڵی بەعەرەبكردن و زەوتكردنی زەوی كوردان و گوشار خستنەسەر كورد لەهەموو روێكەوە زیادیكردووە، ئەگەر هەوڵی سەرۆكایەتی كۆمارو بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردو گوشاری یەكێتی لەكەركوك نەبوایە، بەدڵنیاییەوە زیاترو خراپتر دەبوو! یەكێك لەهۆكارەكانی ئەو زیاتربونەی گوشاری بەشێك لە عەرەب و توركمان، ئەو پەرتەوازەیی و ناڕێكییەی كوردە سەبارەت بەچارەنوسی ئەو شارە. دیارترینیان رێگریكردنی پارتی-یە لەدانانی پارێزگارێكی نوێی كورد لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كەركوك! ئەم پەرتەوازەیی و ناڕێكییەی كورد زەمینەیەكی لەباری بۆ شۆڤێنیستەكان رەخساندووە لەهەموو روێكەوە گوشار بێنن و زەوی كورد داگیربكەن و بەبیانوی تەجاوز خانوی گەڕەكە كوردەكان بڕوخێنن ..تد.
ئەگەر پارتی نەیەتە ژێرباری رێككەوتنەكە، ئەوا دەرگا واڵا دەبێت بۆ یەكێتی و كەركوكییەكان تا پلان و هەنگاوی دیكە بنێن. رەنگە سەرەتا لەخۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی مەدەنیانەو راگرتنی ئیشوكاری حكومەت لە كەركوك دەستپێبكات، بەڵام خۆ ئەگەر ئەو هەنگاوە كاردانەوەو وەڵامی نەبوو، بەدڵنیاییەوە هەنگاوی دواتر توندترو كاریگەرتر دەبێت! توندتر بەو مانایەی چیتر یەكێتی ناتوانێت رێگری بكات لەناڕەزایی و توڕەیی هەم یەكێتییەكانی كەركوك و هەم خەڵكی كەركوك بەگشتیی بەرامبەر زەوتكردنی ئیرادەو ئیستحقاقی كورد لەشارەكە. ئەگەر ئەوە روبدات بەدڵنیاییەوە مەسەلەی بەركەوتەو لێكەوتەی ئەو بارودۆخە دێتەگۆڕێ، واتە ئەوانەی رێگربون لەئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و دانانی پارێزگارێكی نوێی كورد چیتر مافی ئەوەیان نابێت باسی چارەنوسی ئەو شارە بكەن، هاوكات پرسی گەڕانەوەو كاركردنیشیان لەو شارە دەبێتە جێی پرسیار؟!
سەبارەت بەپرسی پێكهێنانی حكومەت، وابەستەی ئەو رێككەوتنەیە كە ئێستا گرێ و گرفتی بۆ دروستكراوە، ئەگەر ئەو بڕگەیەی تایبەت بە كەركوك وەكوخۆی جێبەجێنەكرێت، ئەگەرەكانی بەردەم یەكێتی بۆ بەشدارینەكردن لەحكومەتی كراوەتر دەبێت، چونكە ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی كراوە، پرەنسیپی بەیەكەوە كاركردن و سەقفی زەمەنی و میكانیزمی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەخۆدەگرێت، ناكرێت هیچ بڕگەیەكی رێككەوتنەكە داببڕێت یان دەستكاریی بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group