ئێران: بە مووشەك هێرشمان كردە سەر كوەیت و بەحرەین

3 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیندراوێكدا ئاشكرایكرد، كاتژمێر 1:30 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چوار كەشتیی نەوتهەڵگر بەبێ گوێدانە هۆشدارییەكانی هێزی دەریایی سوپا هەوڵی چوونەدەرەوەی نایاساییان لە گەرووی هورمز داوە، لە ئەنجامدا، یەكێك لە كەشتییەكان كراوەتە ئامانج و ڕاگیراوە، سێ كەشتییەكەی دیكەش ناچار بە پاشەكشە كراون.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، دوابەدوای ئەو ڕووداوە و لە كاتژمێر 2:30 خولەكی بەرەبەیان، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمریكا دوو تاوەری پەیوەندییان لە دوورگەی قشم و ناوچەی سیریك كردووەتە ئامانج.
هەروەها،  لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بە مووشەكی بالیستی هێرشی كردووەتە سەر بنكەی ئاسمانیی "عەلی سالم" لە كوەیت و پێگە گرنگەكانی كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریكا لە بەحرەین.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا سوپای پاسداران هۆشداری توند دەداتە ئەمریكا و ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر ئەم كارانە دووبارە ببنەوە، بە وەڵامێكی سنووردار ناوەستین و ئێوە بەرپرسیار دەبن لە لێكەوتەكانی داخستنی تەواوەتیی گەرووی هورمز بەڕووی هەناردەكردنی نەوت و غازدا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group