سەرۆك كۆماری عیراق: تاوانەكانی تیرۆریستان دژی پێكهاتەكان بەتێپەربونی كات لەبیر ناچن

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق رایگەیاند، نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیكردوە لە شاندێكی ژنان كە پێكهاتبون لە ژمارەیەك رزگاربوانی پێكهاتەی ئێزدی، مەسیحی، توركمان و شەبەك، لەدیدارەكەدا باس لە دۆخی گوزەرانیان و چۆنیەتی دەستەبەركردنی مافەكانیان و پشتگیریی بۆ دوبارە تێكەڵبونەوەیان بە كۆمەڵگە كرا.
لە دیدارەكەدا كە خالید شوانی وەزیری داد ئامادەی بو سەرۆك كۆمار جەختی لە ئەوە كردەوە، دادپەروەرانە مامەڵە بكرێت لەگەڵ رزگاربوان و پاراستنی كەرامەتیان بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانییە و بەردەوامبونی چاودێری و پشتیوانیكردنیان و دابینكردنی پێداویستییە كۆمەڵایەتییەكان و تەندروستی و ئابوری و دەرونییان، هەروەها جەختی لە جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە كرد كە مافەكانیان دەپارێزن و دادپەروەری دەچەسپێنن.
ئامێدی دوپاتیشیكردەوە، تاوانەكانی باندە تیرۆریستییەكانی داعش دژی ئێزدییەكان، مەسیحییەكان، توركمانەكان، شەبەك و هەمو پێكهاتەكانی دیكەی عیراق، بە تێپەڕبونی كات لەبیر ناچن ، سزادانی تاوانباران و راپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا ئەركێكی نیشتمانی و ئەخلاقییە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group