یەكێك لە بابەتە هەرە قێزەونەكانی ناو كۆمەڵگا دەست درێژی سێكسیە بۆ سەر كەسێك ئینجا چ كوڕ بێت یان كچ و لەوەش قێزەونتر ئەوەیە مرۆڤەكەی كە دەست درێژی كراوەتە سەر منداڵ بێت. ئەوەی لەدوێنێوە باس دەكرێت لە سۆشیاڵ میدیا كە كچێكی تەمەن 15 ساڵ دەست درێژی كراوەتە سەر ئەوە دەبیت بڵێن (منداڵێكی كچ) لەبەر ئەوەی بەهەموو جۆرە پێناسەیەك ئەو كچە منداڵە. ئەو كارە قێزەونە بە یاساو زانست و ئایین ڕێگای پێ نەدراوە كەواتە بكەرانی ئەو تاوانە دەبێت بە توندترین شێوە سزا بدرێن . بەڵام با لێكدانەوەكی وردی بۆ بكەین : لە زانست ئەو منداڵە كچە پێی دەڵێن ڕزگاربووی دەست درێژی سێكسی لەبەر ئەوەی ئەو منداڵە مرۆڤە و مافی هەیە بگەڕێتەوە ناو ژیانی ئاسایی خۆی و هاوكاری و پاڵپشتی تەواو بكریت لەهەموو لایەك ...بەڵام ئەو منداڵە كچە كە لە دوێنیوە باسی دەكەن لەلایەك ڕزگاربووە لەو كارەساتە و لەلایەك قوربانییە بۆ ژینگەیەكی نالەبار و پەروەردەیەكی سەقەت چ ژینگەی خۆی یان ژینگەی تاوانبارەكان .كەواتە ئەو منداڵە كجە هیچ گوناهێكی نییە بگرە بەداخەوە بۆتە قوربانی ژینگەیەكی ناتەندروست و قوربانی كۆمەڵێك گورگی نامرۆڤ كە هەموویان دوورن لە وشەی مرۆڤایەتی . لەوەش گرنگتر پێش ئەوەی سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆرمەكان باسی ئەو بابەتە بكەن و ئەو منداڵە كچە بێ گوناهە دەبێت بۆ لایەنی دەروونی چارەسەر وەربگرێت لەلایەن پزیشكی پسپۆری دەروونی و بۆ ماوەیەكی باش بەردەوام بیت لەسەر ئەو چارەسەرانە بەڵام بەداخەوە لە كۆمەڵگای ئێمە زۆر زۆر بەدەگمەن بیر لە پزیشكی دەروونی و چارەسەری دەروونی دەكەینەوە كە لەهەموو بابەتەكە گرنگترە ،ئەوە جگە لە چارەسەر و كۆمەڵێك پشكنینی تەندروستی جەستەی زۆر پێویستن بۆ ئەو كچە منداڵە. بەپێی سەرچاوەكان پەروەردەكردنی تەواو و تەندروست و پتەو ئەگەری ڕوودانی كارەسات كەمدەكاتەوە. كاتێك دەڵێن زۆر گرنگە هەر لە منداڵییەوە منداڵەكەت فێر بكەیت چۆن خۆی دەپاریزیت لەدەست درێژی و یان هەندێك یاسای فێر بكەی ئەوا ٪85 ( ئەو ڕێژەیە بەپیی توێژینەوە سەلمێنراور) دەیانپارێزیت و واتا منداڵ تەنها ئەوە نییە بیهێنیتە ژیان و خواردنی بدەیتێ و جلی بۆ بكڕی و بڵێی تەواو، بەڵكو لێپرسراوێتییەكی زۆر گەورەیە بۆیە ئەگەر دەزانی بەقەد ئەولێپرسراوییە نیت ئەوا منداڵ تەنها بۆ خۆشی نییە یان بۆ ئەوە نییە بە خەڵكی دەوروبەر بلیی منداڵم هەیە. ئینجا ئەوخاڵانەی خوارەوەلەهەموو خول و ڕاهێنانەكان باس دەكرێن: - دەبێت هەر لەتەمەنی زۆر زووەوە فێری منداڵ بكریت چۆن خۆی دەپارێزێت لە دەست درێژی و بەردەوام بن لەفێر كردنیان وە چەند گەورەتر دەبن فێركردنەكانتان زیاتر و فراوانتر بكەن ،تكایە شەرم و عەیبە مەكەنە بیانوو بۆ ئەو بابەتەو بڵێن عەیبە باسی ئەو شتانە بۆ منداڵ بكرێت بەڵكو باس بكەن بۆ منداڵەكانتان چۆن خۆیان دەپاریزن و چۆن ئاگایان لەجەستەی خۆیان دەبیت. دایبابی بەڕێز باسكردن و فێركردنی منداڵ باشترە لەوەی توشی كێشەیەكی وا بیت ئینجا چارەسەری ئەو كێشەیە زۆر قورسترە لە باسكردنەكەی كە پێت عەیب بوو. - دەبیت هەندێك یاسا و ڕێسا هەیە دابنرێت لەناو ماڵ و لەسەری بڕۆن منداڵەكانتان بۆ ئەوەی بزانن مانای پابەند بوون چییە ئینجا هەندێ شت ڕێگای پێ بدە كەدەزانی هیچ زیانی نییە بەڵام هەندی شت قەدەغە بكە تەنانەت ئەگەر منداڵەكەت توڕە ببیت لەسەر ئەو بابەتە بێ وەڵام دانەوەی توندو تیژ پێی (بڵی توڕەش ببیت ئەوە یاسای منە و دەبیت لەسەری بڕۆی). لێرە گرنگە ئەوە بزانین كاتێك دایك و باوكانمان ئێمەیان پەروەردە كردووە بۆ زەمانێك ئەوا بزانن بۆ زەمانی ئیستا زۆربەی ئەو پەروەردە دەبێت بگۆڕێت و هەندی پەروەردەی ئەرێنی و سەردەمیانە پەیرەو بكریت كە لەگەل زەمانی ئیستا بڕوات . وەك نمونەیەكی سادە من وەكو دایكێك پێتان دەڵێم كە من زۆر باسی ئەو بابەتانە دەكەم بۆ منداڵەكانم و شەرم ناكەم لەبەر ئەوەی ئەگەر من فێرییان نەكەم چۆن فێر بن بۆیە شەرم ناكەم كە فێرییان بكەم گێچەل چییە؟ دەست درێژی چییە؟ و چۆن خۆیان بپارێزن !و هەروەها هە ڕووداوێك هەبیت بە شێوەیەكی سادەكراو و كورت تەنها ئەوەی خۆم دەمەوی پێیان بگەینم ئەوها وەك كورتە چیرۆكیك بۆیان باسدەكەم تاكو وانەی لێوەرگرن و فێر بن لە ژیان. دكتۆر دیلمان ئازاد حسن مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی پزیشكی پسپۆری پزیشكی دادوەری
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.