وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە شوێنی كۆبوونەوەی لوتكەی گروپی 7

25/08/2019 جیهان

نەوا
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ دووەم جار لە ماوەی سێ رۆژدا گەیشتە فەرەنساو لەشوێنی كۆبوونەوەی لوتكەی گروپی 7 لەباشوری ئەو وڵاتە چاوی بەهاوتا فەرەنسیەكەی كەوت.
سەبارەت بەسەردانە چاوەڕێنەكراوەكەی زەریف بۆ شاری بیاریتزی فەرەنسا، عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان لەگەڵ هاوتا فەرەنسیەكەی ژان ئێڤ لۆدریان وردەكاری پێشنیازەكەی سەرۆكی فەرەنسا لە بارەی كەمكردنەوەی گرژیەكانی نێوان تاران و واشنتۆن تاوتوێ دەكەن.
باسی لەوەشكردووە، لەو سەردانەدا محەمەد جەواد زەریف لەگەڵ شاندی ئەمریكی هیچ دیدار و دانوستانێك ئەنجام نادات و دوای چەند كاتژمێر دەگەڕێتەوە بۆ تاران.
سەردانە چاوەڕواننەكراوەكەی زەریف بۆ شاری بیاریتزی فەرەنسا لەكاتێكدایە كە كۆبوونەوەی لوتكەی گروپی 7 لەوشارە بەڕێوەدەچێت و دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكاش ئامادەی كۆبوونەوەكەیە.
وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رابردووش سەردانی فەرەنسای كردبوو، چاوی بە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە كەوتبوو.
ماكرۆن ئاشكرایكرد لەگەڵ هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریكا باسی دەستپێشخەریەكی كردووە بۆ كەمكردنەوەی گرژیەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
بەپێی دەستپێشخەریەكە لەبەرامبەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن تارانەوە، ئەمریكا بەشێك لە سزاكانی لەسەر كەرتی نەوتی ئێران هەڵبگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group