كۆشكی سپی: به‌رهه‌م ساڵح و ترامپ جه‌ختیان له‌ هاوبه‌شیی ئه‌مریكا و عیراق له‌بواری ئاسایش كردۆته‌وه‌

23/01/2020 جیهان

نه‌وا
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌یاندا له‌ داڤۆس، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق و دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامیی هاوبه‌شیی نێوان ئه‌مریكا و عیراق له‌بواری ئاسایش كردۆته‌وه‌.
كۆشكی سپیی ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناوه‌رۆكی كۆبونه‌وه‌ی نێوان دۆناڵد ترامپ و به‌رهه‌م ساڵحی ئاشكراكردووه‌، ده‌ڵێت، هه‌ردوو سه‌رۆك رێككه‌وتوون له‌سه‌ر گرنگیی به‌رده‌وامیی هاوبه‌شیی ئه‌مریكا و عیراق له‌ بواره‌كانی ئابوری و ئاسایشدا، له‌وانه‌ش له‌ شه‌ڕی دژی داعش.
كۆشكی سپی راشیگه‌یاندووه‌ "سه‌رۆك ترامپ پابه‌ندبوونی به‌رده‌وامی خۆی بۆ عیراقێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری، سه‌قامگیر و خۆشگوزه‌ران دووپاتكرده‌وه‌".
باسكردن له‌ به‌رده‌وامیی هاوبه‌شیی نێوان ئه‌مریكا و عیراق له‌بواری ئاسایش له‌كاتێكدایه‌، به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ شیعییه‌كانی عیراق، له‌دوای كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، داوای چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا ده‌كه‌ن له‌ عیراق، له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیارێكیشیان بێ به‌شداریی كورد و سوننه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌ركرد.
پێشده‌چێت مه‌به‌ست له‌ "به‌رده‌وامیی هاوبه‌شیی نێوان ئه‌مریكا و عیراق له‌بواری ئاسایش"، مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بێت له‌ عیراق.
ئه‌مریكا نزیكه‌ی پێنج هه‌زار و 500 سه‌رباز و راوێژكاری سه‌ربازیی له‌ عیراق هه‌یه‌ و به‌شداری سه‌ره‌كیی هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌ڕی دژی داعشه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group