تەنانەت لەگەڵ وەستانی یارییەكانیش...قەیرانی ناوخۆیی بەرشەلۆنە قوڵتردەبێتەوە

10/04/2020 وەرزش

نەوا
سەرەڕای راگرتنی یارییەكان و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و لێكەوتە ئابورییەكانی، شەش ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی یانەی بەرشەلۆنە دەستلەكاركێشانەوەیان لە پۆستەكانیان پێشكەشكرد و داوا لە سەرۆكی یانەكەش دەكەن هەڵبژاردنی پێشوەختە رێكبخات.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، ئیمیلی رۆسۆ جێگری سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە لەنێو ئەو ئەندامانەدایە، كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە و لە بەیاننامەیەكیشدا دەڵێن "گەیشتینە ئەم خاڵەی ئێستا و هیچ رێگایەك نابینین بۆ گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنی یانەكە، لەكاتێكدا ئاڵنكاری گرنگ لەبەردەمماندایە، بەتایبەت لە پاش ئەو پەتایەی ئێستا لەئارادایە".
هەروەها نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە بەرانبەر ئەو هەژمارانەی یانەكە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، كە سوكایەتی و هێرشیان پێدەكردە سەر یاریزانانی ئێستا و پێشو، سەرەڕای كاندیدەكانی هەڵبژاردنی داهاتو، لەوبارەیەشەوە دەڵێن "لەڕێی میدیاوە زانیمان كارێكی لەو شێوەیە كراوە".
ئەو شەش ئەندامە دەیانەوێت گوشار لە جۆسێب ماریا بارتۆمیۆی سەرۆك بكەن بۆئەوەی دەستلەكاربكێشێتەوە، كە لە ساڵی 2014وە لەو پۆستەدایە، هەروەك دوای كۆنترۆڵكردنی پەتای كۆرۆناش، هەڵبژاردنی پێشوەختە رێكبخات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group