په‌رله‌مانتارێكی عیراق رێگاچاره‌ی راگرتنی په‌لاماره‌كانی توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ڕو

06/07/2020 عێراق

نه‌وا
سه‌عران ئه‌عاجیبى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگریى په‌رله‌مانى عیراق پێشنیار بۆ هه‌مولایه‌ك ده‌كات، واز له‌ به‌یاننامه‌ى ره‌تكردنه‌وه‌ بهێنن و شاندێكی هاوبه‌ش له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان پێكبهێنن و سه‌ردانى توركیا بكه‌ن بۆ وه‌ستاندنى هێرشه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بۆسه‌ر خاكى عیراق.
ئه‌عاجیبى له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا باسى له‌وه‌كردوه‌، چیتر به‌یاننامه‌ى ره‌تكردنه‌وه‌ سودى نییه‌ و پێویسته‌ ده‌ستدرێژیه‌كانى توركیا بۆسه‌ر خاكى عیراق به‌ رێگه‌ى دیپلۆماسى كۆتایى پێبهێنین و شاندێك بۆ لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ توركیا پێكبهێنرێت.
وتیشى "پێویستیمان به‌چاره‌سه‌رى سیاسییه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ دۆسێی ده‌ستدرێژییه‌كانى توركیا له‌رێگه‌ى پێكهێنانى شاندێكى هاوبه‌ش له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان و چونه‌ توركیا بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و دۆسیه‌یه‌، چونكه‌ زیاتر سیاسییه‌ تا سه‌ربازى".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێیوایه‌، توركیا بیانوى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی خاكى عێراق به‌كارده‌هێنن بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی توركیا، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌ربكرێن، پێش په‌نابردن بۆ ئه‌و بژارده‌یه‌ش پێویسته‌ لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان حكومه‌تى به‌غدا و هه‌رێم هه‌بێت و دواتر شاندێكی هاوبه‌ش بچێته‌ توركیا.
هه‌روه‌ها جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی دۆسێی ئابورى و بازرگانی یه‌كێكه‌ له‌ دۆسیه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كانى گوشار دروستكردن، به‌تایبه‌تى كه‌ قه‌باره‌ی بازرگانى نێوان هه‌ردوو وڵات گه‌وره‌یه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group