نەوا
دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندانەكان لە سلێمانی دەستیانپێكردەوە، گرژی كەوتە ناو خۆپیشاندانەكان و دوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستانیش بەر غازی فرمێسكڕێژ كەوتن.
بەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە 3-12-2020) خۆپیشاندانەكانی شاری سلێمانی دەستیانپێكرد و ژمارەیەكی زۆری ئەندامی هێزە ئەمنیەكانیش رژانە سەر شەقامەكان.
بەپێی زانیارییەكانی رادیۆ نەوا، هێزە ئەمنییەكان بە غازی فرمێسكڕێژ روبەڕوی خۆپیشاندەران بونەتەوە، هەروەها ژمارەیەك چالاكوانیش دەستگیركراون.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكان، شیرین ئەمین پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان و سیروان بابان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، كە لە خۆپیشاندانەكاندا بەشدارییان كردبو، بەر غازی فرمێسكڕێژ كەوتن و خۆپیشاندەران بەهانایانەوە چون، ئاو و پێداویستی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی غازەكەیان بۆ دابینكردن.