نەوا-
وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، لە ئاكامی هێرشی ئاسمانییدا بۆ سەر بنكەی تەندروستیی سەربازیی حەبانییە لە ئەنبار، حەوت سەرباز كوژران و 13 سەربازی دیكەش برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، لە كاتژمێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بنكەی تەندروستی سەربازیی حەبانیە و بەشی خزمەتگوزاری حەبانیەی سەر بە فەرماندەیی پێگەی حەبانیە لە وەزارەتی بەرگری، كەوتنە بەر هێرشێكی ئاسمانی تاوانكارانە و پاشان بە بۆمبی فڕۆكە بۆردومان كران، بەو هۆیەوە حەوت سەرباز كوژران و 13ی دیكەش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەم بەئامانجگرتنە پێشێلكارییەكی زەق و مەترسیداری سەرجەم یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەكانە كە بەئامانجگرتنی دامەزراوە پزیشكییەكان و ستافەكانیان قەدەغە دەكەن.
لە راگەیندراوەكەی وەزارەتی بەرگری ئەوەش هاتوە ئەم تاوانكارییە پەرەسەندنێكی مەترسیدارە و پێویستە بە توندی هەڵوێستی لەسەر وەربگیرێت و لایەنە بەرپرسەكانی سزا بدرێن، چونكە بەئامانجگرتنی ناوەندە پزیشكییەكان بە هەموو پێوەرێك تاوانێكی قێزەونە، بەوپێیەی ئەو دامەزراوانە تایبەتن بە ڕزگاركردنی ژیانی مرۆڤەكان و پێشكەشكردنی چاودێری بە شەڕكەران.
وەزارەتی بەرگری جەخت دەكاتەوە كە مافی تەواوی هەیە بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێكارە پێویستەكان بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە.