كەشناسی عێراق: پلەكانی گەرما بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە

8 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
دەستەی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە 21ی حوزەیران، كەشوهەوای سەرجەم ناوچەكانی وڵات هاوینی ساماڵ و هەتاو دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە كاتەكانی ڕۆژدا پلەكانی گەرما بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە و لە بەشێك لە پارێزگاكانی باشوور دەگەنە نێوان 48 بۆ 49 پلەی سیلیزی.
بەپێی پێشبینییەكانی دەستەكە، كەشوهەوای وڵات لە كاتەكانی نیوەڕۆدا گەرم بۆ توندەگەرم دەبێت، بەڵام لە كاتەكانی شەو و بەرەبەیاندا بەرەو مامناوەندی و جێگیربوون دەچێت. 
باس لەوەشكراوە، ئاڕاستەی با لە باكووری ڕۆژئاواوە دەبێت بە خێرایی 10 بۆ 20 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، بەڵام لە كاتەكانی نیوەڕۆدا چالاك دەبێت و خێراییەكەی دەگاتە 40 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێكی سووك لە ناوچە دەشتاییەكانی ناوەڕاست و باشووری وڵات.
 هەروەها مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 10 كیلۆمەتر دەبێت و لەو ناوچانەی تۆز و خۆڵیان تێدایە بۆ 5 بۆ 7 كیلۆمەتر كەم دەبێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group