نەوا-
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە رایگەیاند، ئێران بە ئەمریكای وتوە كە هێرشكردنە سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز هەڵە بو و بە ئەنقەست نەبو، داواشی لە ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كردوە بەردەوامی بە دانوستانی نێوان هەردولا بدات.
هاوكات بەرپرسانی باڵای ئەمریكا بە رۆژنامەنوسانیان راگەیاند، ئیدارەی ترەمپ پێی وایە كە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران تادێت بەدور دەزانرێت، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆك ترەمپ بۆ كۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران رەنگە لە رێگەی دانوستانەكانی ئاشتییەوە بەدەست نەهێنرێت.
ئەو بەرپرسانەی ئەمریكا ئاماژەیان بەوەشكردوە، پێویستە ئێران بەیاننامەیەك بڵاوبكاتەوەو رایبگەیەنێت كە گەرووی هورمز كراوەیەو هێرشكردنە سەر كەشتیەكان رابگرێت، یەكێك لە بەرپرسەكان پێشنیاری كرد كە ئەگەر تا وادەیەكی دیاریكراو بەڵێنێكی لەو شێوەیە نەدرێت دەرئەنجامی جددی دەبێت، لە كاتێكدا هەندێكی تر پێشنیاریان نەكردوە كە وادەیەكی دیاریكراو بۆ بەڵێنەكەی ئێران هەبێت.