نەوا-
فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران بڵاویكردوەتەوە، لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی بەڕێوەبەری فەرمانگەكەیان لە چوارچێوەی بەدواداچونە بەردەوامەكان بۆ پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەی ناوچەكە، تیمێكی هونەری و مەیدانی فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەهۆكاری لێڵبون و پیسبونی ئاوی روباری باڵەكیان، سەردانی مەیدانی ناوچەكەیان كردوە.
ئاماژەشكراوە، لەو سەردانەدا تیمەكانی فەرمانگەكە رێوشوێنی پێویستیان گرتوەتەبەر بۆ دەستنیشانكردنی سەرچاوەی سەرەكی لێڵبونەكە، هەروەها رێنمایی پێویستیان ئاڕاستەی دانیشتوان و خاوەن كەسارەی ئاژەڵان لە ناوچەكە كردوە سەبارەت بەپاراستنی پاكوخاوێنی روبارەكەو خۆپارێزی لە هەر چالاكییەك كە ببێتە هۆی تێكدانی هاوسەنگی ژینگەیی و پیسبونی ئاوەكە.
فەرمانگەی ژینگەی سۆران جەختیكردوەتەوە، بەهاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگە بەدواداچونی ورد بۆ ئەو سەرپێچییانە دەكەن كە دەبنە هۆی پیسبونی ئاو و تێكدانی ژینگەی دەڤەرەكەو رێكاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچیكارێك دەگیرنەبەر.