نەوا-
فایەق ئەنوەر مزوری نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی عیراق بە سایتی فەرمیی پارتی راگەیاندوە، ماوەیەكە لەسنوری پارێزگای كەركوك و دیالە داعش دەستی بە جموجوڵ كردوەتەوەو ناوە ناوە دەبینرێن، ئێستا حكومەتی عیراق بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەردەوام لەڕێگەی هەواڵگری و فڕۆكەوە چاودێرییان دەكەن، هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراقیش زانیاری ئاڵوگۆڕ دەكەن بۆئەوەی رێگرییان لێ بكرێت سود لەو ناوچانە وەرگرن كە بۆشایی ئەمنی هەیە.
فایەق مزوری ئاماژەشیكردوە، پێویستە جموجوڵی داعش بەهەند وەربگرن ئەگەر دەرفەتیان هەبێت زیاتر دەبن و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و دەبنەوە مەترسی، بەردەوامیش چاودێرییان دەكرێت بۆئەوەی دیسان سەر هەڵنەدەنەوە بۆیە داعش كۆتایی پێ نەهاتوەو پێویستە هەر هەنگاوێكیان بەهەند وەربگرین.
باسیشیكردوە، ئێستا پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق بەراورد بە كابینەی رابردو لەڕوی ئەمنیەوە زۆر باشە ئەمەش لەبەژەوەندی سەقامگیری هەرێمی كوردستان و عیراقە.