بارزانی: بەقەد پێویست پێشمەرگەو گیانفیدای وڵات هەن بەرگری لە كوردستان بكەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەبۆنەی رۆژی سەروەریی عیراقەوە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوەو لەبەشێكیدا هاتوە، هاوپەیمانان لەشەڕی دژی تیرۆرو هەروەها لە گەڕاندنەوەو بەهێزكردنی سەقامگیری لە عیراقدا پشتیوانی هێزەكانی عیراق و هێزەكانی پێشمەرگە بون، لەماوەی مانەوەیاندا یارمەتییەكی زۆری هێزەكانی عیراق و پێشمەرگەیان داو تەنانەت قوربانی زۆریشیاندا، ئێستاش دوای كۆتاییهاتنی ئەركەكەیان ئەوە لە داهاتودا بۆ حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بەجێدەمێنێت كە بەپێی هەلومەرجەكان و لەپێناو پاراستنی سەقامگیریدا رێككەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا بكەن.
بارزانی راشیگەیاندوە، سوپاسی هەوڵ و ماندوبونی هێزەكانی هاوپەیمانان دەكەن رۆڵیان لە تێكشكاندنی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عیراق جێگەی پێزانین و رێزگرتنێكی زۆرە، سڵاو بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان دەنێرن و یادیان هەمیشە بە بەرزی دەمێنێتەوە.
لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە بارزانی رایگەیاندوە، زۆر كەس لەڕووی پەرۆشی و هەندێكیش لەڕووی رق و لێكدانەوەی نادروستەوە وای بۆ دەچن كە بە نەمانی هێزەكانی هاوپەیمانان ئیدی هەرێمیش دەكەوێتە ژێر هەڕەشەو كۆتایی پێدێت، خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەنەوە كە هەماهەنگییەكی زۆر باش لەگەڵ حكومەتی عیراق هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەو مەترسییەك جا ئەو هەڕەشەیە لەژێر ناوی داعشدا بێت یان هەر ناوێكی تر، هەر كەسێك و لایەنێكیش خەیاڵی ئەوەی هەبێت ببێتە هەڕەشەو زیان بە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، با بزانێت لە كوردستاندا بەقەد پێویست پێشمەرگەو قارەمان و گیانفیدای وڵات هەن كە بەرگری لە خەڵك و خاكی كوردستان بكەن و هەمو هەڕەشەو دەستدرێژییەك تێكبشكێنن، هێزی پێشمەرگە ئامادەن بۆ بەرگری، پاراستنی سەقامگیریی وڵات و نەهێشتنی هەمو جۆرە هەڕەشەو مەترسییەك.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group