نەوا-
لەپەیامێكدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گەلی كوردستان و عیراق ساڵانێكی درێژی شەڕو نەهامەتیان تێپەڕاندوەو جینۆسایدی دەستی داعش دژی ئێزدییەكانیش یەكێك بوە لە دڕندەترین كارەساتەكان، كاریگەرییەكانی ئەو مەینەتیە تەنها بە كۆتاییهاتنی شەڕو گەڕانەوەی خەڵك بۆ زێدی خۆیان كۆتایی نایەت، بەڵكو پێویستی بە كات و چاودێری هەیە بۆئەوەی برینە دەرونییەكانیان چارەسەرببن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتوشیەتی: هەمیشە هاوكارو پشتیوانی تەواوی مافەكانی هاووڵاتیانی ئێزدی دەبن و هەر كارو پلانێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لە شنگال و هەر شوێنێكی دیكە، دەبێت بەپێی داواكاری و بەرژەوەندییەكانی ئەوان بێت، ئەركیشە ئەو كەسانەی توشی ئەم كارەساتانە بون بەتەنها جێنەهێڵن و دەبێت هاوكارییان بكەن تاوەكو ژیان، متمانەو ئومێدیان بە پاشەڕۆژێكی باشتر بگەڕێتەوە.