راهێنەری بەحرەین: لە دژی عیراق دەجەنگین

18/11/2019 وەرزش

نەوا
هیلیۆ سوزا راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەحرەین رایگەیاند، یارییەكەی رۆژی سێشەممەیان بەرانبەر عیراق لە پاڵاوتنی كیشوەری ئاسیا بۆ مۆندیالی 2022 و جامی ئاسیای 2023 زەحمەت و قورس دەبێت.
سوزا لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، هەڵبژاردەی بەحرەین هەوڵدەدات باشترین ئاست پێشكەش بكات و سێ خاڵی یارییەكە بەدەستبهێنێت. بۆ ئەوەش دەجەنگێت لەپێناو بردنەوە و كۆكردنەوەی زۆرترین خاڵ و گەیشتن بە قۆناغی داهاتو.
هەروەها ئەوەشی رونكردەوە، كە یارییەكەیان بەرانبەر عیراق گرنگە، كە هاندەرێكی زۆری هەیە، بەڵام تەركیزیان لەسەر تیمەكەی خۆیان دەبێت و بیر لە بردنەوەی روبەڕوبونەوەكە دەكەنەوە.

یارییەكەی رۆژی سێشەممەش 19-11-2019 لە كاتژمێر 5ی ئێوارە بە كاتی كوردستان لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەدەچێت، كە لە هەمان یاریگادا، چەند رۆژێك لەمەوبەر بە 2 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە ئێرانی بردەوە.
عیراق و بەحرەین لە گروپی Cی پاڵاوتندان و عیراق بە 10 خاڵەوە لوتكەی گرتوە و بەحرەین-یش 8 خاڵی هەیە، ئێران 6 خاڵ و هۆنك كۆنگ 2 خاڵ و كەمبۆدیاش تاكە خاڵێكی هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group