نەوا
وەزارەتی تەندروستیی روسیا كۆتاییهاتنی سەرجەم تاقیكردنەوەكانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای راگەیاند، بەڵام چاوەڕێی بەڵگەنامە پێویستەكان دەكەن بۆئەوەی بەشێوەیەكی فەرمی تۆماری بكەن.
لەوبارەیەوە میخائیل مۆراشكۆ وەزیری تەندروستیی روسیا رایگەیاند، لە سەنتەری "گامالی"ی تاقیكردنەوەكان تایبەت بە دروستكردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا كۆتاییانهاتوە.
وتیشی "ڤاكسینەكە لەلایەن سەنتەری گامالی-ی نیشتمانی بۆ توێژینەوە لە پەتا و زیندەزانی پەرەیپێدراوە و نوسراوە پێویستەكان ئامادە دەكرێن بۆئەوەی بە فەرمی بناسێنرێت".
وەزیری تەندروستیی روسیا مژدەی ئەوەیشی دا، پاش تۆماركردنی ڤاكسینەكە، ئەوكات بەكاردەهێنرێت و لە هەنگاوی یەكەمدا دەدرێت لە كارمەندانی كەرتی تەندروستی و مامۆستایان و قوتابیانی ناوەندەكانی خوێندن.
ئەوەشی ئاشكراكرد، پرۆسەی وەبەرهێنانی بازرگانیی ڤاكسینەكە دەكەوێتە مانگی 10ی ئەمساڵ.