ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لە ئەمریكا بۆ سەروو پێنج ملیۆن كەس بەرزبوەوە

07/08/2020 جیهان

نەوا
تادێت ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لە ئەمریكا لەهەڵكشاندایە و تائێستا زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەكەبوون.
هەربە گوێرەی ئامارە فەرمیەكانی ئەمریكا، زیاتر لە 162 هەزار كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و 577 هەزار كەسیش چاكبوونەتەوە.
لەدوای ئەمریكا وڵاتی بەرازیل زۆرترین ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنای تێدا تۆماركراوە، بە جۆرێك نزیكەی 3 ملیۆن كەس لەو وڵاتە وەك تووشبووی كۆرۆنا تۆماركراون و نزیكەی 99 هەزار كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هیندستان لە پلەی سێهەمی وڵاتانی جیهاندایە و تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنای تێدا تۆمار كراوە و لەو ژمارەیە زیاتر لە 41 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی دوایین ئامارەكان لەسەرتاسەری جیهان 19 ملیۆن و 266 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراون و زیاتر لە 717 هەزار كەسیش گیانیان لەدەستداوە و 12 ملیۆن و 365 هەزار كەسیش چاكبوونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group