باج لەسەر هاوردەکردنی چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی هەڵدەگیرێت

21/09/2021

نەوا
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: بە هۆی کەمبوونەی بڕەکانیان لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکانیان، بڕیاریان داوە باج لە سەر هاوردەکردنی پێنج بەرهەمی کستوکاڵی هەڵبگرن.
بێگەر تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم، باسی لەوەکردوە، لەپێناو چاودێری وکۆنترۆڵکردنی نرخ و بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و خاوەن کارەکان بڕیارماندا بە هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمەکانی خەیار، تەماتە، باینجان، بامیە و بیبەر.
روونیشیکردوەتەوە، دوای بەدواداچوونیان بە هۆی کەمبوونەوە و بەرزبوونەوەی نرخی ئەو بەرهەمانە، بڕیاریان داوە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخەکانیان لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە باج لە سەر هاوردەکردنیان هەڵبگیرێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە وێنەیەکی بڕیارەکەیان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرک کردووە.
ساڵانە و لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆ، باج دەخرێتە سەر ئەو بەرهەمانە، یان هاوردەکردنی بەشێکیان قەدەغە دەکرێت، ئەمەش لە پێناو پاڵپشتی کردنی بەروبومی ناوخۆ و ساغکردنەوەیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group