نەوا-
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر دەڵێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر 850 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراون و لە ئێستاشدا چەندین پڕۆپۆزەڵ ئامادە كراون بۆ ئەوەی مۆڵەتیان پێ بدرێت.
سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، لە شەش مانگی رابردوودا نزیكەی 50 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراون، ئەم ئامارەش ئەوە دەسەلمێنێت كە چاوەكان لەسەر هەولێرن و وەبەرهێنان لە شارەكەدا بەرەو ئایندەیەكی گەشتر هەنگاو دەنێت.
باسی لەوەشكرد، ساڵی رابردوو 100 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوە و ئومێدەوارن ئەمساڵ، بەهۆی ئەو ئاسانكارییە زۆرانەی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش بە وەبەرهێنەران دەكرێن، ئەو رێژەیە زیاتر بێت.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر وتیشی: لە 11 سێكتەری جیاوازی وەبەرهێنانمان هەیە، بەڵام لە پێشینەی كارەكانمان بۆ ئەو سێكتەرانەیە كە هەلی كاری زیاتر دەڕەخسێنن، وەك پڕۆژەكانی (پیشەسازی، گەشتیاری و كشتوكاڵی) هاوكات مۆڵەتیش بە پڕۆژەكانی بازرگانی، خوێندن و تەندروستی دراوە.