نەوا-
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، دامەزراندنی كرێكارانی پێنج وڵاتی بیانی كە یەكێك لەو وڵاتانە سوریایە قەدەغەكراوە، ئامانجی ئەوەش پاڵپشتی دەستی كاری ناوخۆییە.
حەسەن خوام وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، بڕیاری قەدەغەكردنی دامەزراندنی كرێكاران، كرێكارانی هەریەك لە وڵاتانی سوریا، ئیندۆنیسیا، پاكستان، بەنگلادیش و فلیپین دەگرێتەوە.
باسی لەوەشكرد، بڕیارەكە پێویستی بە ڕێگریكردنە لە هاتنی كرێكارانی ئەو وڵاتانە بۆ ناو خاكی عێراق لە ئێستادا، لە كاتێكدا وەزارەتەكەیان دەستیكردوە بە جێبەجێكردنی بڕیاری ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران .
ئاماژە بەوەشدراوە، بڕیارەكەی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سەپاندنی دامەزراندنی 80%ی هێزی كاری ناوخۆییە لە هەر پرۆژەیەكدا لە بەرامبەر 20% هێزی كاری بیانیە، كە ئەمەش بەسەر وەبەرهێنەران و خاوەنكارەكان جێبەجێدەكرێت كە ئارەزوی دامەزراندنی پڕۆژەكانیان دەكەن، ئەمە جگە لە وەرگرتنی پلاتفۆرمی (پیشە)ی سەر بە وەزارەت بۆ دابینكردنی كرێكاری ناوخۆیی بە مەبەستی دامەزراندنیان لەو پڕۆژانەدا.