قائیمقامیەتی سلێمانی ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری دەركرد

1 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
قائیمقامیەتی سلێمانی ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و سەوزەو میوەوە دەركرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی بە مەبەستی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و سەوزەو میوە لە سنوری سلێمانی، ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی بەجیا لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی هاوسەنگی سەوزەو میوە كۆبۆوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، تایبەت بە پرۆژە كشتوكاڵی و پەلەوەرییەكان بڕیاردرا لیژنە هاوبەشەكان رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆئەوەی ئەندازیاری كشتوكاڵی راستەوخۆ لەسەر پرۆژە بێت و سەرپەرشتی پرۆژە كشتوكاڵی و پەلەوەرییەكان بكات.
هاوكات بڕیاردرا هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندو كراوەبێت و رێگە نادرێت ببرێتە دەرەوەی هەرێم، هەتا ناوەڕاستی مانگی (حوزەیران/6)ی 2025یش قەدەغەی راوەماسی بەردەوام بێت.
لەبارەی هێلكەی خواردنەوە قائیمقامی سلێمانی بڕیاریدا بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆوە قەدەغەی هاوردەكردنی بەردەوام بێت، هەركاتێك نرخی هێلكە لە بازاڕدا بەرزبێتەوە بەناچاری دەرگای هاوردەكردنی بكرێتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەر لەو كۆبونەوەیەدا باس لەوە كرا كە كاری پێویست كراوە بۆ رێگری لە تای خوێنبەربون بەتایبەت دەستخۆشی لە بەڕێوبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی كرا كە 26 تیمی پێكهێناوە و سەردانی گوندەكان دەكات بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەكی و شتنەوەی ئاژەڵ، لیژنەكانی قائیمقامیەتیش راسپێردران چاودێری گۆشتفرۆشەكان زیاتر بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group