وەزارەتی دارایی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاو ئیدارەكان خەرج دەكات

5 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزیری دارایی هەرێم زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین خەرج دەكات. 
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ كێشەو گرفتەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، لەچەند رۆژی رابردودا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری سەرپەرشتی چەند كۆبونەوەیەكی كردوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و یەكێتی بەڵێندەران و بانكەكانی سەر بەوەزارەت.
راشیگەیاندوە، دوای ئەو كۆبونەوانەو ئاگاداربون لە كێشەو گرفتەكان، وەزیری دارایی چەند بڕیارێكی لەبەرژەوەندی بەڵێندەران و ئەو كۆمپانیایانە دەركردوە كە سەرقاڵی ئەنجامدانی پڕۆژەكانن و  بڕیاریداوە بە خەرجكردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیواو شەقامی 100 مەتری سلێمانی و رێگای دووسایدی كەلار- دەربەندیخان و شایستەی كۆمپانیاكانی خۆڵ و خاشاك و پڕۆژە بەردەوامەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین. 
هەروەها هاتوە كە لەو چوارچێوەیەدا وەزیری دارایی بڕیاریداوە بە بەردەوامبونی لیژنەی خەرجكردنی گەڕانەوەی خیتاب زەمانی بەڵێندەران لەسەرجەم بانكەكان، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەكان بەپێی رێژەو گوژمەی دیاریكراو.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group