سەرۆكی هەرێم و عراقچی: پێویستە ناوچەكە لە ئاڵۆزیی زیاتر دوربخرێتەوە

7 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و باسیان لە ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران كرد.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، شەوی ڕابردوو، نێچیرڤان بارزانی و عەباس عراقچی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و دوایین پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆن و ڕوبەڕوبونەوە سەربازییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیلیان تاوتوێ كرد و دەربارەی كاریگەری و لێكەوتەكانی لەسەر ناوچەكە، بیروڕایان گۆڕییەوە.
باس لەوەشكراوە، هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دورخستنەوەی ناوچەكە لە ئاڵۆزیی زیاتر، بۆ ئەم مەبەستەش جەختیان لەوەكردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ڕاوەستاندنی كردارە سەربازییەكان و چارەسەركردنی ئاشتییانەی ناكۆكییەكان.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەردولا تیشكیان خستە سەر ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران و لەمبارەیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پابەندیی هەرێمی بە ڕێككەوتنەكەوە، دوپاتكردەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group