نێچیرڤان بارزانی و وەزیری ئەڵمانیا بۆ كاروباری دەرەوە كۆبونەوە

8 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێزا ئەندریاس ڤۆن گایەر وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ كاروباری دەرەوەو شاندێكی یاوەری كۆبونەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لەكۆبونەوەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسیی عیراق و هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەولێرـ بەغداو دۆخی ناوچەكە تاوتوێ كراون.
ئاماژەشكراوە كە شاندنی ئەڵمانیا دوپاتیانكردوەتەوە كە وڵاتەكەیان بەبایەخەوە سەیری سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات و خواستی وڵاتەكەیان بۆ بەردەوامی هاریكاریی هاوبەشیان لەبوارە جیاوازەكاندا دەربڕیوە.
لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكاری و پشتگیرییەكانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی كوردستان لە هەمو بوارەكاندا كردوەو جەختی لە گرنگیی چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشەكان و پاراستنی ئارامیی ناوچەكە كردوەتەوە، هەروەها هەڕەشەو مەترسییەكانی داعش، دۆخی سوریاو چەند پرسێكی تر تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە بوە.
جێی ئاماژەیە، شاندی ئەڵمانیا بەجیا لەگەڵ هەریەك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group