نەوا-
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەدواداچون بۆ كێشەكانی كارەبا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی كردوەو بەگوێرەی راگەیەنراوێك لەكۆبونەوەیەكدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاندوە، لەداهاتویەكی نزیكدا دۆخی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت كار بۆ فرە سەرچاوەكردنی بەرهەمهێنان بكەن بۆئەوەی لە داهاتودا لە دۆخێكی نەخوازراوی هاوشێوەدا هاوڵاتیان توشی كێشەی بێكارەبایی نەبنەوە.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە لە كۆبونەوەكەدا باس لە دوا قۆناغەكانی پڕۆژەی روناكی و پەرەپێدان بە سیستمی پێوەری زیرەك كراوە كە بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبا دانانی پێوەری زیرەك كاریگەری زۆری هەبوە هەم لەكەمكردنەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوەو هەمیش بەهۆی كۆكردنەوەی داتای وردو زانستی لە ڕێگەی سیستمەكەوە توانراوە سەرچاوەی كێشەكان بدۆزرێنەوەو چارەسەر بكرێن.