هەڤاڵ ئەبوبەكر: لە ساڵیادی ئەنفالدا پێویستە ناوماڵمان رێكبخەینەوە
پێش 2 هەفتە
نەوا-
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی تاجەگوڵینەی رێزلێنانی لەسەر مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ دانا پاشان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داوا دەكەن ئەمڕۆ رۆژی بیرخستنەوەی وانەیەكی گرنگ بێت كە تیایدا هەوڵی جینۆسایدكردن و كۆمەڵكوژی و سڕینەوەی گەلی كورد دراوە كە لە هەشت پرۆسە حەوتیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بوە لە 2 هەزارو 508 گوند دوو هەزارو 500 گوند خاپور كراوە.
پارێزگاری سلێمانی وتیشی: ئەركە لەسەر شانی حكومەتی عیراق قەرەبوی كەسوكاری قوربانیان بكاتەوەو جارێكی تر گەرەنتی بدات كە ئەم روداوانە دوبارە نابنەوە، ئەركە لەسەر خۆشمان جارێكی تر ناوماڵی خۆمان رێكبخەینەوە ناكۆكییەكانمان تێبپەڕێنین، ئەو وانەیەشمان بیربكەوێتەوە كە ئەنفالكراین لێیان نەپرسین سەر بە چ حزبێك و ئایینێكین و هەمومانیان پاكتاوكرد بۆیە دەبێت ئێمەش هەمومان پێكەوە بین بۆئەوەی جارێكی تر ئەم تاوانانە بەسەرماندا دووبارە نەبنەوە.