وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی بۆ كار ئاسانی و كەمكردنەوەی سزای دارایی بیانییەكان دەركرد

2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە یاسای ژمارە (6ـی ساڵی 2009) پێی دراوە، بڕیارێكی تایبەتی بۆ هاوكاریكردنی بیانییەكان دەركرد كە بە فەرمی و لە رێگەی ڤیزەوە هاتوونەتە هەرێم و بە هەر هۆكارێك نەیانتوانیوە ڤیزەكانیان درێژ بكەنەوە یان نشینگەیان نییە و بەسەرچووە.
لە بریارەكە ئاماژە بەوەدراوە، ئەو بیانیانەی دەیانەوێت لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە و نشینگەی نوێ دەربكەن یان كارتەكانیان نوێ بكەنەوە، پێویستە لە ماوەی (90) رۆژی كاركردندا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نشینگە بكەن، لەم ماوەیەدا تەنیا سەدا 25ـی  كۆی گشتیی سزاكانی دواكەوتنیان لێ وەردەگیرێت  كە لە رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2021دا دیاریكراوە.
هەروەها، ئەو بیانیانەی دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بە هەمان شێوەی خاڵی یەكەم سوودمەند دەبن لە داشكاندنی سزاكان و مۆری دەرچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی نشینگە وەردەگرن.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوەشكردەوە، ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێت و بۆ ماوەی 90 رۆژ كارایە، دوای كۆتایی هاتنی ئەو وادەیەش، هەر جۆرە سەرپێچییەكی مانەوە بەپێی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2021 مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و تەواوی سزاكانی لێ وەردەگیرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group