نەوا-
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێكدا ئاماری هێرشە هاوبەشەكانی ئەمریكا و سعودیەی بۆ سەر بارەگاكانیان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لانیكەم 20 چەكداریان كوژراون و 32ـی دیكەش بریندار بوون.
لە راگەیێندراوەكەی حەشدی شەعبیدا كە بڵاویكردووەتەوە، ئەوەش هاتووە ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر بارەگا فەرمییەكانیان، ژمارەیەك پارێزگەی عێراقیان گرتووەتەوە، كە بریتین لە بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە، كەركووك، كەربەلا و دیالە. ئاماژە بەوەش كراوە، هێرشەكان زیانی مادیی جیاوازیان بە بارەگا، ئۆتۆمبێل و كەلوپەلە سەربازییەكانیان گەیاندووە.
حەشدی شەعبی رایگەیاند، لیژنە تایبەتمەندەكان بەردەوامن لە كارە مەیدانییەكانیان بۆ خەمڵاندنی زیانەكان و وردبینییكردن لە زانیارییەكان، بۆیە ئەو ئامارەی قوربانییان "ئامارێكی سەرەتاییە" و لەگەڵ بەردەوامیی گەڕان و تەواوبوونی راپۆرتە مەیدانییەكان، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكان هەیە.
لای خۆشیانەوە، ئەمریكا و سعودیە رایانگەیاند، لە وەڵامی هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا و دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە، گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانیان لە عێراق كردووەتە ئامانج.