نەوا-
دەستەی دەستپاكی عێراق ئاشكرایكرد، مەفرەزەكانیان لە پارێزگای ئەنبار توانیویانە هەوڵێكی دەستبەسەرداگرتنی 40 دۆنم زەوی دەوڵەت پووچەڵ بكەنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا فەرمانی دەستگیركردن و بانگهێشتكردن بۆ 34 تۆمەتبار دەرچووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی دەستەی دەستپاكی فیدارڵ تیمی لێكۆڵینەوەی نوسینگەی ئەنبار بەدواداچوونی مەیدانییان بۆ چەند فەرمانگەیەك كردووە، لەوانە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆماری خانوبەرە، پلاندانانی ئاوەدانی، لقی باجی فەلوجە و كۆمەڵەی هەرەوەزی نیشتەجێبوون، دوای وردبینی، دەركەوتووە، هەوڵدراوە دەست بەسەر دوو زەوی سەر بە وەزارەتی دارایی بگیریت كە رووبەرەكەیان 40 دۆنمە.
رونیشیكراوەتەوە، تۆمەتبارەكان لە رێگەی ساختەكاری لە بەڵگەنامەكانی خاوەندارێتی، زەوییەكانیان بە ناوی كۆمەڵەی هەرەوەزی نیشتەجێبوون لە پارێزگاكە تۆمار كردووە، دواتر زەوییەكەیان بۆ 336 پارچە زەوی بچووك دابەش كردووە، بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەكان، بەهای ئەو زەوییانە دەگاتە یەك ملیار و 831ملیۆن و 500 هەزار دینار.
دەستەی دەسپاكی باسی لەوەشكردوە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو 34 تۆمەتبارە جێبەجێ كراوە، لە نێوانیاندا فەرمانبەر و كەسانی دەرەوەی فەرمانگەكان هەن.
لای خۆشیەوە دادوەری لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لە رومادی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بۆ زەوییەكان دەركردووە و هەموو جۆرە مامەڵەپێكردنێكی تێدا قەدەخە كردوون، تۆمەتبارەكان بەگوێرەی ماددەكانی 289 و 298 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.