كەركوك.. بەشێك لە ئەندامانی كوردی ئەنجومەنی پارێزگا رازی نین بە كاندیدی پۆستی پارێزگار

23/08/2019

نەوا


ڕێككەوتنی نێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك گرفتی تێدەكەوێت، بەو پێیەی بەشێك لە ئەندامانی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگا، كاندید كردنی تەیب جەباریان ڕەتكردووەتەوە و بەرپرسێكی یەكێتیش دەڵێت: پارتی دەستی دەستیان پێدەكات.
نزیكەی مانگ و نیوێك بەسەر رێككەوتنی مەكتەبی سیاسی و یەكێتی دا بۆ دانانی تەیب جەبار پارێزگاری كەركوك تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێك بۆ ئەو مەبەستە نەنراوە.
كامەران كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی پارتی، بەدەنگی ئەمەریكای وتوە"نابێت تەنها یەك كەس بۆ پۆستی پارێزگار كاندید بكرێت، دەبێت ژمارەی كاندیدەكان زیاتر بن، لاریمان نیە كاندیدەكان لەوانەشی تێدابن كەپێشتر تێبینیمان هەبووە لەسەریان، بۆ لە موسڵ 30 كەس خۆی كاندید بكات، بەڵام لەكەركوك ئیلا دەبێت یەك كەس بێت؟."
لای خۆیەوە غازی كەركوكی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، دەڵێت"پارتی دەیەوێت كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كاندید بكرێت كە خۆی دەیەوێت."
غازی كەركوكی، وەكخۆی دەڵێت بۆ یەكەمجارە ئاشكرایدەكات، لەسەرووبەندی ریفراندۆم دا، پارتی ڕازی بووە بە لابردنی دكتۆر نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگار، بەو مەرجەی یەكێتی ریفراندۆم لەكەركوك قەبوڵ بكات، وتی"ئێستاش پارتی بە ناراستەوخۆ پشتگیری لە مانەوەی ڕاكان جبوری دەكات، ئەگینا بەیەك كۆبوونەوەی ئەنجومەن، دەتوانرێت پارێزگار دابنرێت."
لەبەرامبەردا، كامەران كەركوكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی پارتی، ڕەتیكردەوە حیزبەكەی دەستی دەستی بكات، وتی"تەیب جەبار بێ ئاگاداری ئێمە كاندید كراوە، دەبووایە لەو كۆبوونەوەیەی مەكتەبی سیاسی دا كە ناوبراو كاندید كرا، نوێنەری ئێمەش بەشداربووایە."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group