ماكرۆن: بۆ گەیاندنی پەیام بە ئێران گروپی 7 بە فەرمی ئەركداریان نەكردووم

25/08/2019 جیهان
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا

نەوا
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەماوەیەكی كورت دوای ئەوەی رایگەیاندبوو، گروپی حەوت رەزامەندیان نیشانداوە كە بەنوێنەرایەتی ئەوان پەیامێك بگەیەنێتە ئێران، لە رونكردنەوەیەكدا باسی لەوەكرد، ئەو رەزامەندیە بە واتای راسپاردن و بە فەرمی ئەركداركردن نییە.
ماكرۆن رۆژی یەكشەممە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی گروپی 7 چاوی بە  شینزۆ ئابێ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن كەوت و لە دیدارەكەیاندا رایگەیاند، گروپی 7 بە فەرمی رایاننەسپرادووە، پەیامێك لە بارەی گرژیەكانی ئێران و ئەمریكا و بەرنامە ئەتۆمیەكەی بگەیەنێتە تاران.
وتیشی: لە كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی گروپی 7 چەند پرسێكی پەیوەست بە ئێرانمان تاوتوێ كرد، كە كۆی باسەكان لەسەر دوو بابەت چڕببوونەوە، یەكەم ئەوەی كە هیچ یەك لە ئەندامانی گروپەكە نایانەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم، دووەم سەرجەم ئەندامان لەگەڵ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان.
پێشتر ماكرۆن و بەرپرسێكی كۆشكی ئەلیزە باسیان لەوەكردبوو سەركردەی وڵاتانی گروپی حەوت رازی بوون بەوەی سەرۆكی فەرەنسا بە نوێنەرایەتی ئەوان پەیام ئاراستەی ئێران بكات.
لەبەرامبەردا هەر زوو دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، من قسەی وام نەكردووە.
رۆژی شەممە كۆبوونەوەی حەوت هێزی ئابوری و دیموكراتی جیهان كە لە ئەمریكا، ژاپۆن، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتالیا و كەنەدا پێكدێن و بە گروپی حەوت ناسراون، لە فەرەنسا دەستیان بە كۆبوونەوە كرد و رۆژی یەكشەممەش كۆبوونەوەكانیان بەردەوامبوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group