لێدوانی ترامپ لەبارەی بۆڵتن-ەوە

3 رۆژ پێش ئێستا جیهان
نەوا
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، ئاشكرایكرد لەو كاتەوە دەستیان بە جیابوونەوە لەگەڵ جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا كردووە كە پێشنیازی "مۆدێلی لیبیا"ی بۆ قەیرانی كۆریای باكوور كردووە و لە زۆر بابەتی دیكەشدا بۆچوونی جیاوازیان هەبووە.    
دۆناڵد ترامپ لە كۆشكی سپی، بە یاوەری هەریەك لە مێلانیا ترەمپی هاوسەری و ئالێكس ئازار وەزیری تەندروستیی، بۆ رۆژنامەوانان دواو سەبارەت بە دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن لە پۆستەكەی، وتی: "كاتێك كە بۆڵتن پێشنیازی مۆدێلی لیبیای بۆ كیم جۆنگ ئون سەركردەی كۆریای باكوور كرد، هەڵەیەكی گەورەی كرد. ئەمە روونكردنەوەیەكی باش نەبوو كە بدرێت. ئەمە دەستی ئێمەی لاواز كرد. تەنها تەماشای ئەوە بكەن كە بەسەر قەزافی-دا هات. داوای ئەنجامدانی شتی توندی لە من كرد".  
- پەیامی "زیرەك نییە" لەبارەی بۆڵتن 
دۆناڵد ترامپ پێشنیازكردنی مۆدێلی لیبیای بۆ كۆریای باكوور بە "كارەسات" ناوبرد و لەو خاڵە بە دواوەش جیابوونەتەوە و وتی: "ناتوانم كیم جۆنگ ئون تاوانبار بكەم كە دوای ئەم پێشنیازە چی گوتووە. نەیویست لەگەڵ جۆن بۆڵتن هیچ شتێك ئەنجام بدات. ئەمە بابەتی توند بوون نییە. بەڵكو ئەمە بابەتی زیرەك نەبوونە بۆ گوتنی شتێكی لەوجۆرە".    
ترەمپ تیشكی خستەسەر ئەوەی لە بنەڕەتدا لەگەڵ بۆڵتن-دا زۆر باش لەیەكتری تێگەیشتوون و وتی: "بەڵام لەگەڵ ئەو كەسانەی كە لە ئیدارەكەدا من زۆر بە گرنگم دەزانی باش نەدەسازا. هیوادارم بە باشی لە یەكتر جیابووبینەوە، رەنگە ئەمە ببێت و رەنگە نەشبێت. ناچارم وڵات بەوشێوەیە بەڕێوەبەرم كە بەڕێوەی دەبەین".  
سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوەكردەوە كە بۆڵتن لەگەڵ ئەواندا لەسەر هەمان هێڵ نەبووە، توند بووە و بە "بەڕێز پیاوی توند (Mr. Tough Guy)" ناویبرد. 
دۆناڵد ترەمپ تیشكی خستەسەر ئەوەی زۆركەس خوازیارن بچنە شوێنی بۆڵتن، بەڵام لەئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ پێنج كاندید دەكەن و هەفتەی داهاتوودەگەنە بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە دەدەن. 
باسی لەوەشكرد كە بەر لە دوورخستنەوەی بە رۆژێك، بۆڵتن-ی بۆ لای خۆی بانگ كردووە و وتی: "بە جۆن-م راگەیاند كە زۆر كەس بە منیشەوە، هاوڕا و هاوبۆچوونی تاكتیك و بیرۆكەكانی ئەو نیین. هیوای سەركەوتنم بۆ خواست. و داوای دەستلەكاركێشانەوەیم كرد، ئەویش دەستیلەكاركێشایەوە". 
- پەیامی "دەبینین چی دەبێت" لەبارەی سزاكانی سەر ئێران 
ترامپ سەبارەت بە دۆخی ڤێنیزوێلا وتی: "هاوڕا نەبووم لەگەڵ جۆن-دا سەبارەت بە هەڵوێستی لەبارەی ڤێنیزوێلا. پێموابوو كە لاساریی دەكات. باوەڕم وایە سەلماندوومە كە لەسەر حەق بووم". 
سەبارەت بەوەی كە ئایا سزاكانی سەر ئێران لادەبات یان نا، ترامپ تەنها ئەوەندەی بە بەس زانی كە بڵێ "دەبینین چی دەبێت" و جەختی لەوەكردەوە بەدوای گۆڕینی رژێمەوە نیین لە ئێران.   
سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە جەنگی ئابووریی لەگەڵ چین، تیشكی خستەسەر ئەوەی كە لەگەڵ هاتنە دەرەوەی كۆمپانیاكان لەو وڵاتە، زنجیرەی دەستەبەركردن لە چین پچڕاوە و پەكین خوازیاری رێككەوتنە لەگەڵیاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group